چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هه‌ولێر دوو پیلانی مه‌ترسیداری بێ ئه‌نجام کرد

سیامند سێلكی


له‌ماوه‌ی ڕابوردودا دۆژمنانی کورد دوو پیلانی مه‌ترسیداریان بۆ تێکدانی دۆخی ئارامی کوردستان و لاواز کردنی قه‌واره‌ی فیدرالی خسته‌ واری جێبه‌جێکردنه‌وه‌.
پیلانی یه‌که‌م ئه‌وه‌بوو هه‌ولیاندا له‌ڕێگای سیاسه‌تی ناڕاست و دژه‌ کوردانه‌ی پ ک ک وه‌ سوپای تورکیا په‌لکێشی قۆلایی خاکی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن.ئامانج له‌مه‌دا ئه‌وه‌بوو هه‌م ده‌سه‌لاتی حکومه‌تی هه‌رێم به‌رته‌سک و سنوردار بکرێت ،هه‌میش هه‌ولێرو پێشمه‌رگه‌ په‌لکێشی شه‌ڕێکی مالوێرانکه‌رو نه‌خوازراو بکرێن و کوڕی کورد به‌ده‌ستی کورد به‌کوشت بدرێت.
دیاره‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ولێر هه‌ستی به‌مه‌ترسیه‌ جدیه‌کانی پیلانه‌که‌ کردبوو ، بویه‌ له‌ژێر ڕۆشنایی سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆک بارزانیدا و له‌سونگه‌ی خه‌مخوری و دلسۆزیه‌وه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی فیدرالی و نه‌ڕشتنی خوێنی کورد به‌ده‌ستی کورد ، دانی به‌خۆیدا گرت و ژیرانه‌و لێزانانه‌ سه‌ره‌ده‌ری له‌گه‌ل دۆخه‌که‌دا کرد. بۆ دوور خستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کانی پیلانه‌که‌ کومه‌لێک ڕێکار گیرانه‌به‌ر . دیاره‌ جێگیرکردنی چه‌ند بنکه‌یه‌کی هێزه‌کانی پاسه‌وانی سنوری عێراق (که‌ هه‌موویان کوردن) له‌ناوچه‌ سنوریه‌کانی نێوان عێراق و تورکیا باشترین بژارده‌ بوو . بویه‌ ڕێگا به‌هێزه‌کانی پاسه‌وانی سنور درا چه‌ند بنکه‌یه‌ک له‌و ناوچانه‌ جێگیر بکات که‌ ببوونه‌ مه‌یدانی شه‌ڕو گێچه‌ل فرۆشیه‌کانی پ ک ک . به‌م ڕێگایه‌ ئه‌و پیلانه‌ی دۆژمنانی کورد به‌هاوکاری پ ک ک دژی باشوری کوردستان به‌ڕێوه‌یان ده‌برد بێ ئه‌نجام کرا . به‌مه‌ش هه‌م ڕێگری له‌وه‌ کرا سوپای تورکیا بێته‌ قۆلایی خاکی باشور ،هه‌میش خه‌ونی دۆژمنان بۆ ڕشتنی خوێنی کورد به‌ده‌ستی کورد بێ ئه‌نجام بوو . ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر جێگای سه‌رنج و هه‌لوه‌سته‌ له‌سه‌ر کردنه‌ ئه‌وه‌یه‌: پێشتر زۆر که‌سو لایه‌ن هه‌ولیاندا قه‌ناعه‌ت به‌ پ ک ک بێنن که‌ بۆ ڕێگری کردن له‌پێشڕه‌وی سوپای تورکیا ، ڕێگا بدات پێشمه‌رگه‌ له‌و خالانه‌ جێگیر بکرێت که‌ ئێستا هێزه‌کانی پاسه‌وانی سنوری لێ جێگیر کراوه‌ .به‌لام ئه‌و حزبه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌تی ده‌کرده‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌و خاله‌ سنوریانه‌ نزیک بێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه‌ دژی گه‌ریلا ! بێ گومان پرسیاری جدی و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌ بۆ جێگیرکردنی پاسه‌وانی سنوری عیراق به‌لای پ ک ک وه‌ له‌و خاله‌ سنوریانه‌ ئاساییه‌ به‌لام جێگیر کردنی پێشمه‌رگه‌ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه‌؟! من پێم وایه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک که‌ ئه‌قل میوانی بێت وه‌لامه‌که‌ زۆر ڕوون خویایه‌ . ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: پ ک ک له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی دۆژمنانی کورد و له‌پیناو به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سیاسه‌تی ته‌سلیم کردنی خاک به‌داگیرکه‌رانی کوردستان جێبه‌جێ ده‌کات . هه‌لبه‌ت ده‌بێت له‌بیر نه‌که‌ین پێشتر به‌م سیاسه‌ته‌ شنگالیش ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی کرا . دیسان به‌هه‌مان سیاسه‌ت به‌شێک له‌ناوچه‌ سنوریه‌کانی باشورو له‌ڕۆژ ئاوای کوردستانیش عه‌فرین و گرێ سپی و سه‌رێ کانی ڕاده‌ستی تورکیا کران .
پیلانی دووه‌م : ئه‌م پیلانه‌ ئه‌وه‌ بوو به‌غدا به‌نیه‌تی وشک کردنی سه‌رچاوه‌ دارایه‌کانی کوردستان . هه‌ولیدا له‌ڕێگای دادگای به‌ناو فیدرالیه‌وه‌ ( هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ڕێگای به‌کار هێنانی هێزیشه‌وه‌ بێت)کومه‌لێک بڕیاری ناشه‌رعی و ناده‌ستوری به‌سه‌ر کوردستاندا بسه‌پێنێت.
له‌ئاست ئه‌م پیلانه‌ مه‌ترسیداره‌دا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌کو هه‌میشه‌ ملی دایه‌ به‌ربه‌رپرسیارێتی و دلسۆزانه‌و خه‌مخورانه‌ داکوکی له‌مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی خه‌لکی کوردستانی کردو،
له‌رێگای پیاده‌کردنی سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌و واقعیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی پیلانه‌که‌ بویه‌وه‌ . مخابن هه‌ندێ هێزی سیاسی و ناوه‌ندی میدیای کوردستانی دژی هه‌وله‌کانی مه‌سرور بارزانی وه‌ستانه‌وه‌ . ئه‌و که‌سو لایه‌نانه‌ بۆ ڕازیکردنی دلی دۆژمنانی کورد ،هه‌ولیاندا له‌ڕێگای کومه‌لێک لێکدانه‌وه‌ی نائه‌قلانی و نالوژیکیه‌وه‌ قه‌ناعه‌ت به‌شه‌قامی کوردستانی بێنن که‌ بڕیاره‌کانی دادگای به‌ناو فیدرالی شه‌رعی و ده‌ستورین و جێبه‌جێکردنیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی کوردستانیاندایه‌ ، به‌لام ئه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی و هه‌ولێرن پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور سه‌ره‌ده‌ری ده‌که‌ن و ڕێگری له‌جێبه‌جێ کردنی بڕیاره‌کان ده‌که‌ن !
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناحه‌قی و دژایه‌تیه‌ که‌ له‌م باره‌وه‌ به‌رامبه‌ریان کرا ، مه‌سرور بارزانی و تیمه‌که‌ی له‌به‌رگری کردن له‌مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی کورد سارد نه‌بوونه‌وه‌و ، به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌ی چاکسازی و ڕه‌دکردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ ناده‌ستوریانه‌ . سه‌ر ئه‌نجام ئیراده‌ی حه‌قخوازانه‌ی مه‌سرور بارزانی به‌سه‌ر پیلانگێڕان و هاوبه‌شه‌کانیاندا سه‌رکه‌وت ، دۆخی دارایی کوردستان ئاسایی کرایه‌وه‌و به‌بێ پشت به‌ستن به‌به‌غدا موچه‌ له‌کاتی خویدا دابه‌شکراو پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانی خرانه‌وه‌ گه‌ڕ .
بێ گومان وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ندێ هێزو لایه‌نی کوردستانی کاریان بۆ ده‌کرد ،ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ناده‌ستوریانه‌ وه‌کو خۆیان جێبه‌جێ کرابان ،ئێستا کوردستان له‌دۆخێکی زۆر خه‌راپی داراییدا ده‌بوو . نه‌موچه‌ ده‌دراو نه‌هیچ پرۆژه‌یه‌کی خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وام ده‌بوو . به‌لام هه‌روه‌ک بینیمان مه‌سرور بارزانی وه‌کو سیاسه‌تڤانێکی دووربین و واقعی له‌لایه‌که‌وه‌ سور بوو له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ی چاکسازی و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ڕێگای پشت به‌ستن به‌ماده‌ ده‌ستوریه‌کان هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ڕێگای دادگای به‌ناو فیدرالیه‌وه‌ بۆ کوردستان دروست کرا بوون دوور خسته‌وه‌