چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بە نزیكەی یەك ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژە له‌ هه‌ولێر جێبەجێ كران


له‌راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: بە گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاریی قیڕتاوكردنی شەقام لە سنووری شارەوانییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر تەواوكران كە پرۆژەكان كاریگەری زۆر باشیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەنگوزاری لەو شوێنانەدا دەبێت.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پرۆژە تەواوكراوەكان بریتین لە پرۆژەى دروستكردن و قیرتاوكردنى شەقام لە گوندى كەلەكان و قیڕتاوكردنى شەقام لە شارۆچكەی بەحركە لە مزگەوتى سەلاحەددین و گۆڕستانى كومەڵگەى بەحركە لەگەڵ قیڕتاوكردنى گەڕەكى ژین لە بەحركە. هەروەها قیڕتاوكردنى شەقامە جیاكراوەكانى 189ى عەنكاوە.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پرۆژەكان بە گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار و بە ڕێژەی 100% تەواوكراون، وێڕای ئەو پرۆژانە ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.