وه‌زیری په‌روه‌رده‌: هه‌موو مامۆستایان راهێنانیان پێده‌كرێت

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێداچوونه‌وه‌ی به‌ سیستمی راهێنانی مامۆستایان ده‌كه‌ن و راهێنان بۆ مامۆستایان ته‌رخان ده‌كه‌ن، كه‌ نزیکەی 600 راهێنه‌ر دەستنیشان دەکەن.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌ وتارێكدا ئاماژه‌ی به‌ سیستمی گۆڕینی وانه‌وتنه‌وه‌ و راهێنانی مامۆستایان كرد و گوتی: راهێنان مافە بۆ مامۆستا و دەبێت بۆی دابین بکرێت، وانەوتنەوەش پێویستی بە گۆڕینە، گۆڕینێکی شێنەیی، بەڵام ریشەیی.

گوتیشی: ئێمە راهێنان بۆ مامۆستایەک تەرخان دەکەین، کە ئەویش لە ژینگەی قوتابخانە سوودی لێوەربگرێت و پەخشی بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەبێت، بەڵام دەیکات یان نا، ئەوە نەزانراوە و بەدواداچوونی لەسەر نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای متمانە بووە.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید روونیكرده‌وه‌، راهێنانی مامۆستایان پێویستی بە پێداچوونەوە و ئامادەسازکردنی مۆدێلێکی نوێ هەیە، نزیکەی 600 پاڵێوراو بۆ وەزارەت دەستنیشان دەکەن، ئەو 600 پاڵێوراوە بۆ راهێنەری خولی تەواودەکەن و دەست دەکەن بەجێبەجێکردنی پرۆژەکە.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاشكرایكرد، لەلایەن پەروەردەی گشتیی پارێزگاوە بۆ هه‌ر 12 قوتابخانە راهێنەرێک دیاریدەکرێت، دەبێت بە درێژایی ساڵ و هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک لانی کەم هەموو مامۆستایەک لەناو قوتابخانەکەی خۆی کاتژمێرێک راهێنان وەربگرێت.

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئالان حه‌مه‌ سه‌عید جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئەو بابەتانە بە وردی بە میکانیزمی گونجاو رێکدەخرێن و لەپاڵ ئەوەشدا پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینیشمان ئامادەساز کردووە بەناوی (ئی- راهێنان)، کە گەورەترین پلاتفۆرمی دیجیتاڵی راهێنانە لە کوردستان، خولەکان ماوەیان بۆ دیاریکراوە و پاش رەزامەندی مامۆستای راهێنەر بڕوانامه‌یان پێدەدرێت. پشتیوانی تەواوی ئەو بەرنامەیە دەکەین و دڵنیام ئەم ستراتیژە وەرچەرخانێک دروست دەکات، لە ساڵانی ئایندە هەمووان لێی سوودمەند دەبن.

ھەواڵی زیاتر