بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی لافاو دوو پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 08ـی 08ـی 2022، به گوژمهى 792 ملیۆن و 272 هەزار دینار بەردی بناغەی دروستكردنى پڕۆژهى دوو پرد لەشارى هەولێر دانرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر، بەگوژمەى 792 ملیۆن و 272 هەزار دینار، بەردى بناغەى دروستکردنى پڕۆژەى دروستکردنى هەردوو پردى نزیک مزگەوتى بیلال خەیلانى و نزیک شارى زیلانمان لەشارى هەولێر دانا کە لەلایەن کۆمپانیاى ئارام جێبەجێ دەکرێ و ماوهى تهواوكردنى پڕۆژهكهش (120) ڕۆژه.
ڕاشیگەیاند: بێگومان دروستکردنى ئەم دوو پردە، جگه لهوهى کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى لافاو دەبێت، ئاسانکاریش دەبێت بۆ هاتووچۆى هاووڵاتییان، هیوادارین بەگوێرەى ئەو پلانەى کە داڕێژراوە هەردوو پڕۆژە لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکارەوە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بەکۆتا بێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمساڵ بۆ پێشگرتن لە دووبارە ڕوودانەوەى لافاو چەندین ڕێکار و پڕۆژە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر دەست پێ دەکرێت کە لەم چەند ڕۆژەى داهاتوودا لە ڕێگەى پیرمام و نزیک لەو شارانەى کە لەساڵى ڕابردوودا لافاویان تێیدا ڕووی دا، هەروەها لە بنەسڵاوە و چەند شوێنێکى تر، ئەوە جگە لەوەى چەند بەرنامەیەکى دیکەمان هەیەکە بەمنزیکانە دەستیان پێ دەکەین، لەوانەش کردنەوەى سەرەمەنهۆڵەکان لەناو شارى هەولێر، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو پڕۆژانەش ئامانج لێى کردنەوەى ڕێرەوەکان و پێشگرتنە لەدووبارە ڕوونەدانەوەى لافاو.