بەمەبەستی ڕێگری لە بڵاووبوونەوەی نەخۆشینی بۆماوەیی (کنێت) و نەپەیدایشت (لەدایكنەبوون)ـی منداڵی تالاسیما، بە گوێرەی یاسا، بڕیاردراوە هەر كوڕ وكچێك نیازی هاوسەرگیرییان هەبێت پێویستە پشكنینی پێشوەختەیان بۆ بکرێت.
پشكنینی پێشوەختەی پزیشكی بۆ تەندروستی، سوودێكی زۆری هەیە كە دەکرێت بەهۆیەوە زۆر نەخۆشی دەستنیشان بكرێت، بەڵام پشكنینی پزیشكی بۆ كچان و كوڕان بەر لە زەماوەند و هاوسەرگیری سوود و گرنگییەكی زیاتری هەیە كە بەهۆیەوە كچان و كوڕان لەئەگەری لەدایكبوونی منداڵ و وەچەی نەساغ و ناتەندروست و نەخۆش و شێواویان كەمئەندام ئاگاداردەكاتەوە.
هەندێ نەخۆشی، چارەسەرییان هەیە و بەشێكیشیان چارەسەری نییە؛ لە هەرێمی كوردستان چەندین سەرنتەری تایبەت بە پشكنینی پێشوەختە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان هەیە، سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ لەشاری هەولێر یەكێكە لەو سەنتەرانە كە تایبەتمەندە بەپشكنینی خوێنی ئەو كچ و كوڕانەی بەنیازی هاوسەرگیرین.
هەندرێن تەحسین، بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ بۆ پشكنینی پزیشكی پێش هاوسەرگیری ڕوونیدەكاتەوە چەندین ئامێری پێشكەوتوو بۆ پشكنینی هاوسەران دابینكراوە و بەو هۆیەوە لە توانایاندا هەیە زۆرێك لە پشكنیەكانی پێشوەختەبکەن.
هەندرێن تەحسین گوتیشی: ئێستا پشكنین بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان و پشكنینە سەرەكییەكانی خوێنCBC و تالاسیمیا و سۆنار و تۆی پیاوەتی زیاد كراوە، ئامانجیش لەم پشكنینانە هەروەكڕوونە بۆ ئەوەیە كە لەداهاتوودا نەوەیەكی تەندروست بەرهەمبهێندرێت تا دووربین لەمنداڵی نەبەكام و نەساغ و ناتەندروست كە ئێمە بەتایبەتی كار لەسەر نەخۆشی تەلاسیمیا دەكەین تا بتوانین بەربەستێك دابنێین بۆ ئەوانەی كە ئەگەر هەیە لە داهاتوو منداڵی تالاسیمایان ببێت.
بە گوێرەی ڕێكارەكان هەر كوڕ و كچێك كە بەر لە مارەكردن لە رێی دادگاوە بیەوێت هاوسەرگیری بکات، پێویستە سەرەتا سەردانی دادگای شارەكەی بكات و نووسراوی فەرمی بۆ ئەو سەنتەرە بهێنێت دوای پشكنینیان وەڵامی ئەو نووسراوە دەدەنەوە و پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەنجامی پشكنینەكە بۆ دادگا دەڕوات بەمەبەستی بڕیاردان لەبارەی دروستی و تەندروستی هاوسەران و ئەنجامدان یا رەتكردنەوەی پرۆسەكە.
دوای پشكنینی ورد بۆ هاوسەران لە ئەگەری هەبوونی گرفت لە خوێنەكان لەلایەن پزیشكی تایبەت لە سەنتەرەكەوە بەخێوكەری هاوسەرەكان بانگدەكرێن كێشەکەیان بۆ شیدەكرێتەوە؛ ئەوكات دەگەڕێتەوە سەر بەرپرسیارێتی خۆیان كە ئەو هاوسەرگیریە بکەنیا نا لەوكاتیش بەفۆرمێكی تایبەت و بەڕاپۆڕتێك ئاگاداری دادوەر دەكەین كە بەپێی پێشبینیەكان لەداهاتوودا منداڵەكانیان لەدوای لەدایكبوونیان بەو شێوەیە دەبێت دوابڕیاریش بەدەست دادوەرە كە دەسەڵاتی هەیە لەسەر بڕیاری لیژنەی پزیشكی ئەو هاوسەرگیرییە نەکرێت كە ئێمە نازانین چەندیان تائێستا رەتكراونەتەوە.
بەپێی ئامارێك لەساڵی 2021دا ئەو سەنتەرەی هەولێر پشكنینی کردووە بۆ 29هەزار و 296 كەس بەمەبەستی پشكنینی هاوسەرگیری، كە دەكاتە 14هەزارو648 مامەڵەی هاوسەرگیری، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022یشدا پشكنین بۆ ١٣هەزاو٢٢٢ كەس كراوە كە دەكاتە 6هەزارو 611 مامەڵەی هاوسەرگیری .
هەندرێن تەحسین ڕوونیشی كردەوە كە بە گوێرەی پشكنینەكانیان بەتایبەت كە بۆ وەچەخستنەوە كراوە و هەردوو هاوسەرە تازەكە وەچەخستەنەوەیان خراپە و هەڵگڕی نەخۆشی تالاسیمیا دەبن، لەساڵی 2021ـدا، پەنجاودوو حاڵەت بووە و لە شەش مانگی 2022یشدا 31 حاڵەت بووە و دیاریكراوە .
بە گوێرەی پشكنینی پزیشكی ڕێگری لەو مامەڵەیە دەكرێت، بەڵام ئەگەر ئەو دوو هاوسەرەکە هەر سوور بوون لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیرییەكەیان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان ئەو هاوسەرگیرییە دەکەن.