لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ٣٥ ساڵەسەرژمێری نەكراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرۆسەی سەرژمێری زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەكراوە، ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە و بارودۆخی عێراق لەبار بێت بڕیارە لە کۆتایی ساڵی داھاتوو بكرێت. دەشڵێ: “ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی ڕووپێوێکی خێزانی لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەھاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی بكرێت، کە چەندین بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت.

لە عێراق بڕیاربوو ھەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری بكرێت، ئەو سەرژمێرییانەی كراون لە ساڵانی: ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، کۆتاجاریش ١٩٩٧ بووە، بەڵام ھەرێمی کوردستان لەو سەرژمێرییەدا بەشدار نەبوو.
ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە یەکەم سەرژمێریی گشتی و فەرمی لە ھەرێمی کوردستان، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس ھەژمار بکرێت. بەو جۆرەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زیادبوونی پشکی ھەرێمی کوردستان لە ‌بەشە بودجەی عێراق دەبێت و وەک بنەمایەکی یاسایی و دەستووریش لە قەڵەم دەدرێت، بۆ دابینکردنی ماف و خواستەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.
پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق بووەتە باسێکی گەرم و نیگەرانی بەشێکی زۆری پێکهاتە ئایین و نەتەوەکانی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بە گوتەی پێکهاتەکان ئەگەر بەم حاڵە سەرژمێری بکرێت، بە مانای سڕینەوەی پێکهاتەکان دێت لە عێراق، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانەی زێدی پێکهاتەکانە، بەھۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەر لە سەرژمێری، کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بکات، کە بەشێکی زۆری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان بەھۆی شەڕی داعش و ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە ناوچەکانیان بەجێ ھێشتووە.
سەرژمێری لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کورد ھیچ ڕۆڵێکی لە ناوچە کوردستانییەکان نییە و دووبارە بە دەیان ھەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم ناوچانە شوێنی خۆیان جێ ھێشتووە و ئیدارە و سەرجەم کایەکانی سەربازی و ئەمنی کەوتووەتە دەستی حکوومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی و ھیچ گەرەنتییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکی بێلایەن نییە جگە لەوەی دۆخەکە خۆی بۆ سەرژمێری ناشێت.
بە گوتەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەگەر پرۆسەی سەرژمێری بەڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت، ئێمە حەجمی حەقیقی خۆمان دەزانین، چ لەناو ھەرێمی کوردستان، چ لە ناوچە دابڕاوەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانە ھەموو دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە دەزانین لەرووی ژمارەوە بوونمان چەندە لەو ناوچانە، لە شنگالەوە تا خانەقین ئەو ناوچانە ھەموو دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەولێر گوتی: “ھۆکاری دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری دیارە لەبەر کۆرۆنا و باری دارایی بوو، بودجەیەکی باشی بۆ تەرخان نەکرا، ئێستا ئەو ڕووداوانەی لە بەغدا ڕوو دەدەن، ئەگەر بەردەوام بن کاریگەریی دەبێت لەسەر کاروچالاکییەکان، ئەگەر زۆریش نەخایەنێت، بەپێی بڕیاری وەزیری پلان دانان لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت، کە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ١٩٨٧ ـەوە تا ئێستا سەرژمێری نەكراوە، ئەو سەرژمێرییەی لە ساڵی ١٩٩٧ ئەنجام درا، لە دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە ھەوڵی سەرژمێریی گشتی داوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ ھەوڵەکان چڕ بوونەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم سەرژمێرییە، بەداخەوە بابەتی سەرژمێرییەکە نەکرا و تێکەڵ کرا بە بابەتی سیاسی، زۆر گرنگە پرۆسەکە بكرێت، بۆیە ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئامادەکارییەکان پێویستی بە بودجە ھەیە، پێویستی بە چالاکی ھەیە، ئەگەر ھەموو مەرجەکان جێبەجێ بکرێن، پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەگەر بکرێت سوودێکی زۆری ھەیە بۆ ھەموو دام و دەزگا حکوومییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: “ئامادەکاریەکانی ڕووپێوی خێزانی تەواو بوونە و تەنھا ماوە ئەو تابلێتانە بکرێن کە پێویستن بۆڕووپێوەکە بۆ بابەتی ڕاھێنانی توێژەرەکان، بەڵام لەبەر بابەتی ئەو دۆخەی عێراق ھەندێک دوا کەوت ئەگەرنا پێویست بوو دەستپێ بکەین، ڕووپێوەکە لەسەر ئاستی ھەموو عێراقە کە ٢٥ ھەزار خێزان ڕووپێو دەکەن، کە بانکی نێودەوڵەتی پشتگیریی دەکات”.
سیروان محەمەد، ڕوونیشی کردەوە: “ئەو ڕووپێوە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە باسی ھەژاری و بێکاری تێدا دەکرێت، ئەوەی ئابووری و ئەوەی کۆمەڵایەتی باسی تەندروستی و بابەتەکانی دیکەش باسی خوێندن و نیشتەجێبوون دەکرێت، بۆیە دۆخەکە ھەندێک ئارام بێت دەست بە پرۆسەکە دەکرێت”.
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: “رووپێوی کار و بێکاری کراوە، ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیهانی، ئەگەر ڕاپۆرتەکە ئامادە کرا ڕێژەی بێکاری دیاری دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئێمە خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تایبەتین ڕێژەی ساڵانەی گەشەی دانیشتووانانی ھەرێم ڕادەگەیەنین”.

ھەواڵی زیاتر