ئەمڕۆ شەممە 06ـی 08ـی 2022 وەزیری پێشمەرگە و لەگەڵ ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا جەختیان لە پابەندبوون بە هاوبەشییەتی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش کردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە، بە یاوەرى فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و شاندى یاوەرى، لە واشنتۆن لەگەڵ برێت مەکگۆرک ڕێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا کۆبوونەوە، گفتوگۆی چڕ و بەرهەمداریان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و پڕۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دا.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پابەندبوون بە هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و لەناوبردنى یەکجارەکى رێکخراوى تیرۆریستى داعش.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر گرنگی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیش کرایەوە، تاوەکو هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاتر و بەردەوام دەبێت.