هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

حکومەت: ئاسانکاریی تەواو دەکرێت بۆ ئەوانەی سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردە دەکەن

کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتیەکان، باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان كرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی ڕاسپارد، کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە ، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد کە ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو وسەلامەتی و تەندروستیی گشتی هاووڵاتیان.

سەبارەت بە نەوتی سپیش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و پەلە بکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاویی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتە و لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووریش ڕاسپێردرا، بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست، بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیيان.