هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی ڕاپۆرتێکی خستنەڕوو کە تایبەت بوو بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین، بەتایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان.

هەروەها خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا .لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چاوەڕوانی هەڵکشانێکی دیکەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان کە شەپۆلی چوارەمە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە دەست پێ بکات.

بۆیە ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەند بن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتاندن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، کە تا ئێستا ڕێژەی کوتانەکە وەک پێویست نیە و دەبێت فەرمانبەران وکارمەندانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ ، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن و بەستنی ماسکیش لە شوێنە گشتیەکان ئیجباریی دەبێت.

داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە بەردەوام بن لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و خۆپارێزی و سەردانی بنکەکانی لێدانی ڤاکسین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.