دلۆڤان رەحیم – ههولێر
ململانێی دەسەڵات و کورسی لە نێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی شیعە دۆخی عێراقی ئاڵۆزتر کرد، دوای کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان، ئەوجارە چوارچێوەی هەماهەنگیش دەیەوێت خۆپێشاندان بکات و دژی لایەنگرانی سەدر بڕژێنە سەر شەقامەکان.
ناکۆکی لەسەر ئەوەی کێ حكوومەتی داهاتوو پێکدێنێت، لە نێو ماڵی شیعە قووڵ بووەوە، گەیشتە بەرزترین ئاستی ناکۆکی لەوەتەی ساڵی 2003وە، بەڵام باکگراوندی ئەو کێشانە چییە؟ بۆچی گەیشتە ئەو دۆخە، چ مانایەکی بۆ عێراق هەیە، مەترسییەکانی توندوتیژی بۆ سەر عێراق چین؟
سەدر وەکو کەسایەتییەکی شیعەی خاوەن جەماوەر و شەقام ماوەی چەندین ساڵە خۆی وەکو ناڕازی ئەو دۆخە پێشان دەدات، هەر لە ٢٠٠٣وە تاوەکو ئەمڕۆ بەشێوازی جیاواز ناڕەزایەتیی پێشان داوە، ئەو ئێستا گرووپی چەکداری سەرایا سەلامی هەیە، ئەو گرووپە پێشتر سوپای مەهدی بوو و هەڵوەشایەوە و سەرایا سەلام دروست بوو، سەدر لە نێو حكوومەتدا ژمارەیەکی زۆر پۆستی بەدەستەوە، ئەو دژی هەژموونی وڵاتانە لەسەر عێراق، لە بەرامبەردا نەیارەکانی لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لایەنەکانی نزیکی ئێرانیش تێیدان و نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لایەنێکی سەرەکی ئەو هاوپەیمانێتییەیە دژی ئەو هەڵوێستانەن و ڕێگەشیان نەدا سەدر حكوومەتێکی زۆرینە پێک بێنێت، جگە لە چەندین ناکۆکیی هەر لایەنێكیان ئەوی دیکە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکات .
بۆچی دۆخەکە هەڵکشا ؟
ناکۆکییەکان لە نێوان هەردوو لایەنەکەی شیعە لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنی 2021 سەری هەڵدا، سەدر بە 74 کورسی پەرلەمانەوە بووە خاوەنی زۆرترین کورسی لە کۆی 329 کورسی، لایەنەکانی دیکەش بە هەر هەموویان 48 کورسی پەرلەمانیان هێنا، پاش شکستی هەندێک لایەن لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەرێگەی خۆپێشاندان و مانگرتن، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دژی هەوڵەکانی سەدر وەستانەوە لە پێکهێنانی حکوومەت لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتمان (سەدر، سوننە، پارتی دیموکراتی کوردستان)، سەدر هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی خستەوە دەرەوەی هەوڵەکانی کە ئەجێندا و هەژموونی وڵاتانیان جێبەجێ دەکرد.
سەرەڕای یاری ژمارەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کوردستان، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان کرد بە کارتی یەک لەسەر سێی پەکخەر و ڕێگەیان نەدا سەركۆمار هەڵبژێردرێت، کە ئەوە دەبووە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران، بنبەست و نەگەیشتن بە ئەنجامێك وای کرد سەدر بڕیار بدا لە پەرلەمان بکشێتەوە، ئەو هەنگاوە دەیان کورسیی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی زیاد کرد لە پەرلەمان، بەو جۆرەی خۆیان مەبەستیان بوو دەستیان بە هەوڵەکان کرد بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێ، لە بەرامبەریشدا مەترسی ناڕەزایەتیی سەدر هەر لە ئارادابوو، دواتر لەگەڵ هەوڵی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران، سەدر بە توندی دژی وەستایەوە و دوای چەند هەنگاوێکیش مالیکی کشایەوە لە خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە، محەمەد شیاع سوودانی بووە کاندیدی سەرۆکوەزیران، لایەنگرانی سەدر بە گوێڕایەلی مالیکی دەزانن، دوای ئەو قۆناغە لایەنگرانی سەدر ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەو دۆخە بۆ عێراق چ مانایەکی هەیە؟
عێراق 9 مانگ زیاترە هەڵبژاردنی کردووە و حکوومەت پێک نەهاتووە، ئەوەش درێژترین ماوەی پێکنەهێنانی حکوومەتە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە .
بنبەست و ناکۆکیی سیاسی وای کردووە وڵاتەکە لە دۆخێکی خراپی خزمەتگوزاری بێت، هەژاری لە بەرزترین ئاستدایە، دانەمەزراندن زۆر بەربڵاوە، سەرەڕای داهاتێکی زۆری نەوت و پێنج ساڵ دوای دەرکردنی داعش لە ناوچەکان عێراق هەڵنەستاوەتەوە سەر پێ .
لەکاتێکدا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی و داهاتی عێراقیش لە ماوەی 50 ساڵدا بەرزترین بووە، بەڵام عێراق بودجەی نییە بۆ 2022 و خەرجی و زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون جێبەجێ نەکراون .
ئێستا خەڵك لە کاتێکدا بەدەست بێئاوی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێ، ڕێکخراوی خۆراکی جیهانییش دەڵێ: “دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس لە دانیشتووانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدان و پێویستیان بە خۆراک و هاوکاری خێرا هەیە، هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستدایە و کەس دەرەقەتی ژیانی ڕۆژانەی نایەت لە شارەکانی عێراق .
مەترسی توندوتیژی
داوای چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەنگرانی بۆ خۆپێشاندان، نیگەرانیەکانی لە توندوتیژی زیاد کردووە، بەڵام لەولاشەوە هەمان هاوپەیمانی داوا دەکات سەدر گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەری کێشەکان، نەتەوەیەکگرتووەکانیش بە هەمان شێوە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات و دەڵێ:”بەژیرانە و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، زۆربەی لایەنەکانی عێراقیش داوا دەکەن ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت، ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی لە نێوان شیعەکان خراپترین سیناریۆیە، بەڵام پێش ئەوەش دەرفەتی گفتوگۆ ماوە لە نێوان لایەنەکان بۆ چارەسەری دۆخەکە .