هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیانکرد، لەسەر رەوشی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (27ی تەمووزی 2022) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

ئاماژە بەوەشکراوە لەو کۆبوونەوەیەدا “دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بابەتی پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئاییندەی عێراق خرایە بەرباس و گفتوگۆ. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسی عێراق و حكومەتی داهاتوو جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە پڕۆگرامەكانی حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان بێت”.

هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا، لەبارەی بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ گوتوویەتی، وڵاتەکەی پشتیوانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە کاتێکدایە، رۆژی 25ی ئەم مانگە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.