هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەولێر و بەغدا بەدوای چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسی نەوت و گاز دەگەڕێن

دوای سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هەولێر و بەغدا رێک کەوتن لەسەر ئەوەی گفتوگۆی نێوانیان بەردەوام بێت بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێویاندا کێشەی نەوت و گاز و مافی هەرێمی کوردستان، هەردوولا بە راگەیەنراوی هاوبەش جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە گفتوگۆ و دیالۆگ بەردەوام بێت .

بەپێی زانیاریی ئەندامانی شاندی هەردوولا هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و سەردان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها رێکیش کەوتوون کە بەردەوام بن لە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان و گەیشتن بە رەوشێکی گونجاوی پێکەوەیی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانی بوو لە دوای 2019 وە، لە ماوەی چەند مانگی رابردووش بەهۆی هەندێک بڕیار لە بەغدا کێشەی نەوت و گاز لە نێوان هەردوولا زیاتر بوو، بەتایبەت دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقلە ١٥ـی شوباتدا کە وەکو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن سیاسییانە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی رەت کردەوە و بە نادەستووری دانا، بەڵام کوردستان زوو ئەو ئەو بڕیارەی رەت کردەوە کە نەوت و گازی کوردستان بدرێتە بەغدا، لە جیاتی ئەوە شاندی ناردە بەغدا و لە رووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەری ئەو پرسە، گفتوگۆی بەغدا و هەولێریش چەند رۆژێک پاش تۆپبارانەکەی سەر گوندی پەرەخ بوو لەزاخۆ.
مەسرور بارزانی هەروەها لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کۆ بووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا فایەق زێدان دڵنیایی داوەتە هەرێمی کوردستان کە بڕیار دژی هەرێمی کوردستان دەرناکرێت و دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان سڕ دەکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی رێککەوتنە بەگوێرەی دەستوور و بەرژەوەندی هەموو خەڵك .
هاوکات مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە :”پێویستە عێراق یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتی هەبێت، چەندین ساڵە ئەو یاسایە دەرنەکراوە و دادپەروەریش لە دابەشکردنی داهاتی نەوت نییە، یاسای نەوت و گاز پێویستە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قووتی خەڵک و بوونی یەکسانی لە دابەشکردنی داهاتتدا
عێراق لە 2005وە یاسای نەوت و گازی نییە، سەرەڕای هەوڵەکان لە 2007 و 2011 بۆ دەرکردنی یاسایەک لەوبارەوە بەڵام هیچی لێ شین نەبوو، هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی تایبەتی نەوت و گازی هەیە و لە 2007 دەری کردووە .
بەپێی پڕۆژەیەک کە هەرێمی کوردستان پێشکەشی بەغدای کردووە لەوبارەوە لە سەرەتای مانگی رابردوو، هەرێمی کوردستان داوای مافی ڤیتۆ دەکات بەرامبەر ئەو بڕیارانەی دژی هەرێمی کوردستان دەردەکرێت، بە شێوەیەکی کارا نوێنەرایەتی هەبێت لە هەردوو کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق هەبێت و راوێژیشیان پێ بکرێت، هەروەها داوای پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لەگەڵ دوو نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق، ئێستا بۆردی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق تەنیا یەک نوێنەری هەرێمی کوردستانی تێدایە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ گەیشتنن بە لێک تێگەیشتنێکی کاریگەر، بەتایبەت کە وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی لەژێر گوشارێکی زۆری سیاسیدان، بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێ: “هەندێك داواکاریمان لە بەرپرسانی بەغدا گوێ لێ دەبێت، بەڵام دواتر بە گوێرەی دۆخی سیاسی داواکانیان دەگۆڕێت”، ئێستا هەرێمی کوردستان بەدوای ئەوەدایە کە مافی پارێزبەندی هەبێت و دڵنیایی هەبێت لە هەر بڕیارێک کە لەداهاتوودا بەرامبەر هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دێنە پێش هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: “مالیکی، عەبادی، کازمی، هەموویان رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، ئێستا دەبێت لەسەر مێز دابنیشن ئەو ناسەقامگیرییەی سیاسەتی نەوت چارەسەر بکەین.”
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێداچوونەوە بە گرێبەست و خەرجییەکان بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەیە سۆمۆ لەسەر کەرتی نەوت و گاز.
خاڵی کۆتایی لە دەستپێشخەرییەکە داهاتی نەوت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەشە بودجەکەی بخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەوەدا بەغدا و هەولێر لە یەکدی نزیکن، لە نیسانی ئەمساڵ وەزیری نەوتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد، کەسێک دیاری بکات کە پلەکەی نزمتر بێت لە بەڕێوەبەری گشتی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی بۆ کردنەوەی هەژمارێکی سەربەخۆ لە نێوان هەردوولادا .