ئەو پێڵاوەی چەكدارانی پەكەكە لەپێی دەكەن ماركەكەی توركییە و داهاتەكەی بۆ توركیایە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەركاتێك توركیا هێرش بكاتە سەر چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، جا لە رۆژئاوای كوردستان بێت، یان هەرێمی كوردستان و باكووری كوردستان، لایەنگرانی پەكەكە لە وڵاتانی دنیا، داوا دەكەن بایكۆتی هەموو كەلوپەلێكی توركی بكەن، بەڵام بۆ جارێكیش داوایان لە چەكدارانی پەكەكە نەكردووە، كە دەستبەرداری پێڵاوەكەیان ببن، كە ماركەیەكی توركییە بە ناوی MEKAP و داهاتەكەشی بۆ توركیایە.

چەكدارانی پەكەكە، پێڵاوەكی پێیان ماركەی MEKAP، كە ماركەیەكی توركییە و خاوەنی ماركەكە خانەوادەی ئیسكەندەرە و نەجاتی ئەسڵانیش بەڕێوەبەری فرۆشتنە بۆ هەموو وڵاتیك كە توركە و زۆرجار لەلایەن كەسایەتییە سیاسییەكانی توركیا لۆمە دەكرێت و پێی دەڵێن، پێڵاوەكانتان لە خزمەتی چەكداری پەكەكەیە.
كارگەی MEKAP، تەنیا لەناو توركیا ئەو پێڵاوە بۆ 110 شوێن دەنێرێت، چەكدارانی پەكەكە بەشێوەیەك لە شێوەكان دەستیان دەكەوێت و لەپێی دەكەن.
ساڵانە هەزاران پێڵاوی ماركەی MEKAP، دەچێتە قەندیل و پەكەكە بە پارە دەیكڕێت و جگە لەوەی خاوەنەكەی قازانجێكی زۆر دەكات، لە هەمان كاتدا ئەو باجەی كە دەیداتە حكوومەت، بەشێكی بەهۆی فرۆشتنی ئەو پێڵاوانەیە.
نەجاتی ئەسڵان، بەڕێوەبەری فرۆشتنی پێڵاوی MEKAP، چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (حوریەت)ی توركیدا ئەنجام دابوو و لەوێدا، نیگەرانی خۆی دەربڕی كە هەموو جارێك لۆمە دەكرێت، بەوەی پێڵاوەكەیان چەكدارانی پەكەكە لە پێی دەكەن.
ماركەی MEKAP، بووتە سیمبولی چەكدارانی پەكەكە، بەو واتایەی هەركە ئەو ماركەیە دێتە بەرچاو و قسەی لەسەر دەكرێت، دەڵێت پێڵاوەكەی پەكەكە.
وەكو ئەوەی لە میدیاكانی توركیاوە باس دەكرێت، نەجاتی نامەیەكی بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا ناردووە و لەوێدا نووسیویەتی: ”ئەگەر تیرۆر كۆتایی پێ هات، ئێمەش بەرهەمهێنانی پێڵاو دەوەستێنین، ئیدی پەكەكە بەرەو دەرەوەی توركیا دەردەكرێت، ئەی چارەنووسی MEKAP چی لێ بەسەر دێت؟“
بەرهەمهێنانی MEKAP لە 1970وە دەستی پێكرد، وەكو نەجاتی باسی دەكات، سەرەتا هیچ كێشەیەكیان نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەكەكە پێڵاوەكەی بەكار هێنا، ئیدی سەرزەنشتكردنی كارگەكەی و خودی خۆی لە توركیا دەستی پێكرد.
تورگوت ئۆزەڵ، چەند جارێك لۆمەی كارگەی MEKAPی كردووە، بەوەی چۆن دەبێت پێڵاوی ئەوان بگاتە قەندیل. هەروەها ئیدریس نایم شاهین، وەزیری پێشووی ناوەخۆی توركیا، ناوی ئەو ماركەیەی هێناوە و سەرزەنشتی خاوەنەكی كردووە، بۆیە نەجاتی دەڵێت، ئەو لۆمانە نیگەرانم دەكات و تكایە با بەس بێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ش، لەسەر MEKAP قسەی كردووە و وەكوو عادەتی هەمیشەیی خۆی، بە شێوەیەی گاڵتەجاڕانە بۆ نەجاتی، كە گوتبووی، پەكەكە بەرەو دەرەوەی سنووری توركیا رۆیشتوون و ئیدی ئێمەش بەرهەمهێنان رادەگرین، دەمیرتاش گوتبووی ”ئێستا ئەوەی باسی دەكرێت MEKAPە، واتە چەكدارانی پەكەكە كاتێك بە پێ دەڕۆن بەرەو دەرەوەی سنوور، هەر لە رێگە پێڵاوەكان دادەكەنن“
نەجاتی باس لەوە دەكات، بەرهەمهێنانی پێڵاوی MEKAP، تەنیا لە توركیا بۆ 110 شوێن دەنێرن، دەڵێت تاكە تاوانمان ئەوەیە، جۆری پێڵاوەكانیان باشە.
پەكەكە تەنیا كڕیاری ئەو پێڵاوە نییە، بەڵكوو ریكلامێكی باشیشی بۆ دەكات، چونكە سەدان لە لایەنگرانی پەكەكە، كاتێك دەبینن پەكەكە ئەو پێڵاوە لەپێ دەكات، ئەوانیش دەیكڕن، بۆیە پەكەكە دەرگایەكی گرنگی ریكلامكردنی ماركەی MEKAPی توركیایە.
پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی پەكەكە، پێڵاوەكانی پێیان ماركەیەكی توركی بێت، بۆچی ماركەی وڵاتێكی تر نەبێت؟ ئەوەشی گرنگە باس بكرێت، بۆچی لۆمەی هاووڵاتیانی باشوور دەكەن، كە بایكۆتی كەلوپەلی توركی بكەن، كەچی خۆیان نەك بەكاری دەهێنن، بەڵكوو ریكلامیش بۆ كەلوپەلی توركی دەكەن.

ھەواڵی زیاتر