پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زیری دارایی بانگهێشتی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێ

لیژنه‌ی دارایی ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ بانگهێشت كردنی وه‌زیری دارایی له‌ باره‌ی پرسی نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كانی سلێمانی و پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چه‌ند بابه‌تێكی تری گرنگ.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/7/2022، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و ڕاپۆرتێك له‌ باره‌ی زیاتر لە 10 یاداشت ئاماده‌ ده‌كات، بۆ ئەوەی دواتر وەزیری دارایی بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت.

بەپێ زانیاریەكان, كۆبونەوەكەی ئه‌مڕۆ درێژەپێدەری چەند كۆبونەوەیەكە لەبارەی یاداشتی ژمارەیەك پەرلەمانتار كە داوا دەكەن وەزیری دارایی بانگهێشت بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چه‌ند پرسێكی گرنگ.

ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌رله‌مانتاران ده‌یانه‌وێ وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌یانه‌وه‌ بانگێشتی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن، بریتین له‌: پرسی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و گۆڕانكاری لە دابەشكردنی وادەی مووچه‌ و شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و پاشكەوتی مووچە، هه‌روه‌ها بە ھەمیشەیكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان و دۆخی دارایی و چەند بابەتێكی دیكە كە پەیوەستن بە مووچە و داھاتی ھەرێمی كوردستان.