هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

 سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان: له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م هەزار و 212 پڕۆژه‌مان په‌سندكردووه‌

بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د.محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی دەستەکەی دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌ كاریگه‌ره‌كان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی نه‌به‌ستراوه‌ به‌ وه‌زاره‌ت له‌ چوار فه‌رمانگه‌ له‌ ناوخۆی ده‌سته‌ و هه‌شت فه‌رمانگه‌ی به‌ سیفه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانن.

‌لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەکە و لەژێر بڕیار و رێنمایی جەنابی سەرۆکی حکوومەت، بەرەوپێشچوون و هەنگاوی گەورە نراوە لە کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان.

لەم کابینەیەدا کار و ستراتیژیەتی ئێمە ئەوە بووە کە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە کاربکەین بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز، ئەویش بە فرەچەشنکردنی داهات بەمەبەستی گەیشتن بە ئابووری خۆژێنی.

هاوکات بۆ بەرچاوڕوونی وەبەرهێنەران و هاندانیان، رێبەری وەبەرهێنان و پلانی وەبەرهێنان و چەندین توێژینەوە و راپۆرتمان بۆ کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاری وه‌ كه‌رته‌كانی تریش ئاماده‌كردووه‌ به‌ پێی پێویستی ناوچه‌كان و گرنگی پڕۆژه‌كان. هه‌روه‌ها ڕێبه‌ری وه‌به‌رهێنانی سه‌وزیش بۆ پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كراوه‌.

وەبەرهێنانمان ئاڕاستەکرد بۆ بنیادنانی ژێرخانی ئابووری بەهێز، ئەویش لە گرنگیدان بە وەبەرهێنان بە ئاڕاستەکردن و هاندانی وەبەرهێنان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی (پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵی)، لە پێناوەشدا لە کابینەی نۆیەم (هەزار و 212) پڕۆژەمان پەسەندکردووە کە (298) پڕۆژەی بازرگانی و (287) پڕۆژەی پیشەسازی و (174) پڕۆژەی گەشتیاری و (82) پڕۆژەی کشتوکاڵی لەناویاندایە. ئێستا زۆرینەی ئەو پڕۆژانە لە قۆناغەکانی وەرگرتنی مۆڵەتدان و لە ئایندەدا رەنگدانەوەیان لەسەر کۆی گەشەکردن و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم دەبێت.

لەم کابینەیەدا تائێستا مۆڵەتمان بە 203 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی 12 ملیار دۆلار داوە. پیشەسازی – 58 پڕۆژە، بازرگانی – 49 پڕۆژە، گەشتیاری – 29 پڕۆژە، فێرکردن و خوێندنی باڵا – 22 پڕۆژە نیشتەجێبوون – 14 پڕۆژە، تەندروستی – 12 پڕۆژە، کشتوکاڵی – 8 پڕۆژە، کۆی سێکتەرەکانی تر – 11 پڕۆژ.

لەئەنجامی لێپێچینەوە لە وەبەرهێنەرانی کەمتەرخەم و ئەو پرۆژانەی کەموکورتیان هەیە یان ئەنجامنەدراون، لە کابینەی نۆیەم 35 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان هەڵوەشاندۆتەوە.

لەپێناو بەرەپێشبردنی کەرتی پیشەسازی و رێکخستنەوەیدا کارمان کردووە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک ناوچەی پێشەسازی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کە ئێستا لە قۆناغەکانی دروستکردن و وەرگرتنی مۆڵەتدان.

کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی خزمەتگوزاری و چاکسازی ناسراوە، کۆمەڵێک رێکار و بڕیاری گرتۆتەبەر لەپێناو رێکخستنەوە و باشتر کردنەوەی کارەکانی خۆی، ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان هەنگاوی کرداریمان ناوە لە کەمکردنەوەی رۆتینات و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان و پڕۆژەکان، لەوپێناوەشدا:

تائێستا ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان 52 بڕیاری تایبەتی دەرکردوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرهێنان و رێکخستنەوەی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان له‌ ڕێگای رێنمایی نوێوه‌.

لەپێناو رێکخستنەوەی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران و دەستەی وەبەرهێنان دەسەڵاتەکانی خۆی دابەزاندۆتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

هه‌ر‌وه‌ها لەپێناو گرنگیدان بە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان بەپێی پێویستی ناوچەکان، دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجەی کاراکردووە و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان – راپەڕین – زاخۆ – سۆران)ی فراوەنکرد و کردیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ستافی پێویستی بۆ سه‌رجه‌میان دابین كرد.

لەپێناو زیاتر چاودێریکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەستەکەمان بەشی (چاودێری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان)ی کردۆتەوە.

هه‌روه‌ها بەمەبەستی گردنگیدان بە راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و هێنانیان بۆ هەرێمی کوردستان (سەنتەری راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی) له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كراوه‌ته‌وه‌ مان کردۆتەوە، هاوکات ئێستا پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان دەستەی وەبەرهێنان و زۆرێک لە کونسوڵ وڵاتانی جیهان لە هەرێم هەیە، وەک دەستەی وەبەرهێنان بە بەردەوامی لە کۆنتاکداین لەگەڵیان و سەردانمان دەکەن.

لەپێناو بەرچاو روونی و دانانی نەخشەی وەبەرهێنان تائێستا چەندین کۆنفراس و کۆڕبەندمان بۆ کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و نیشتەجێكردن ڕێكخستووه‌.

بەبەردەوامی سەردانی ناوچە جیاجیاکانمان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی وەبەرهێنان و بەسەرکردنەوەی پڕۆژە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ناوچەکان. هاوکات لە کۆنتاک و پەیوەندی و کۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی حکوومەتی هەرێم کە پەیوەستن بە پڕۆسەی وەبەرهێنان.

ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا له‌ ماوه‌ی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بین له‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانمان وه‌ هه‌روه‌ها له‌ ڕێگه‌داین بۆ دروستكردنی نه‌خشه‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان نه‌خشه‌ی تایبه‌تی وه‌به‌رهێنان دروست ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی زۆر كاریگه‌رتر ده‌بێت له‌ پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان.