جەعفەر ئێمنکى: ئەم عەقڵییەتەى ئێستا لە عێراق هەیە ناتوانێ وڵات بەڕێوە بەرێ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ئێستا عێراق پێی وایە، ئەو عەقڵیەتەی کە هەیە ناتوانێ وڵات بەڕێوە بەرێ و بەغدا بە بنبەست گەیشتووە دەشڵێ، پێویستە هەموو لایەنەکانی کورد بەیەکگرتوویی بچنە بەغدا.

جەعفەر ئێمنکی، ئەندامى مەکتەبی سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان لەوبارەوە رایگه‌یاند: لە هەرێمی کوردستان، پارتى و یەکێتى، کە دوو پارتى گەورەن و هەموو لایەنە کوردییەکانى دیکەش، دەبێ پێکەوە و بەهێزەوە بچنە بەغدا، چونکە بەغدا بە بنبەست گەیشتووە، ئەگەر کورد بە یەکگرتوویى نەچێتە بەغدا، رۆڵ و بەشداریییەکەی لاواز دەبێت.

ئێمنکی گوتیشی: لە ساڵى 2009، کورد بەهێزەوە لە بەغدا بوو و بەرگریی باشی لە دەستکەوتەکانى خۆی کرد، خۆ ئەگەر دامەزراوەکانى عێراق بەهێز و یاسایی بن، ئەوا لایەنە سیاسییەکان ئەگەر بەتەنیاش بن دەتوانن کاریگەرییان هەبێ، بەڵام بۆ ئەو کێشانەى ئێستا هەن، دەبێ نەخشەڕێگایەکى دیارمان هەبێ، بۆ ئەوەى وەک پڕۆژەیەکى نیشتمانى کارى لەسەر بکرێت، بەدەر لەوەى کە وڵاتانى دەوروبەر و جیهانیش دەست لە کاروبارى عێراق وەردەدەن.

ئەو ئەندامەى مەکتەبی سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان، جەختیش دەکاتەوە: “ئێمەى لایەنەکانی کوردستان بەرگرى لە مافى خۆمان دەکەین، ئەواتا باس لەوە دەکرێت کە حەشدى شەعبی بە یاسا دامەزراوە، لەبەرامبەردا دەبینین هێزى پێشمەرگە ئەگەرچی بەپێی دەستوور ناسێنراوە و بەشێکە لە دامەزراوەى بەرگری لە عێراق، کەچی ڕەت دەکرێتەوە، ئەو عەقڵیەتە بەمجۆرە ناتوانێ عێراق بەڕێوە ببات، بەڵکو دەبێ پێداچوونەوە بکرێت و هەمووان لەسەر ئەو پرسانە ڕێک بکەوین.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت و دیارکردنی پۆستەکانیش، جەعفەر ئێمنکی گوتی: ڕەوتى سەدر، کە ئەمجارە گەورەترین فراکسیۆنە لە پەرلەمانى عێراق، ئەگەرچی هێشتا ئەنجامەکان بەتەواوى نەچەسپێنراون، بەڵام دواى راگەیاندنی کۆتایی و چەسپاندنی دەنگ و کورسییەکان، دەبێ ڕەوتى سەدر بۆ پێکهێنانى کابینەى تازەى حکوومەتى عێراق دەست بە گفتوگۆکانى بکات، هەرچی سەبارەت بە ئێمەیە لە کوردستان، ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕێک دەکەوین، بەرلەوەى باس لە پلە و پۆستەکان بکەین

ھەواڵی زیاتر