پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئۆپەراسیۆنی هاوبه‌شی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ سەر پاشماوەکانی داعش لە چیای قەرەچوغ بەردەوامە

بەمەبەستی كێوماڵكردن و ڕاوەدونانی تێرۆریستانی داعش لەباشووری چیای قەرەچووغ ،ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی پێشمەرگەكانی میحوەری  6و دژە تێرۆری عێراق و پێشمەرگەكانی زێڕەڤانی و سوپای عێراق لەبەرەبەیانی 20-7-2022 بەدرێژایی 15كم دەستی پێكردو توانرا سەرجەم ئەو مۆلگەو حەشارگەو ئەشكەوتانە تێك و پێك بدرێن كە تێرۆریستانی داعش بۆكاری تێرۆریستی بەكاریان دەهێنا.
پێشتر شانەی ڕاگیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە بڵاویكرده‌وە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20-7-2022 لە زنجیرە چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هیزەكانی پیشمەرگە و هیزە فیدراڵییەكان بە پاڵپشتی هیزی ئاسمانی عێراقی دەستیپیكردووە.
جێگای ئاماژەیە دوێنێ چوارشەممە لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە هەماهەنگی و پەیوەندی و هاوكارییەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لە چیای قەرەچووغ دەستی پێ كرد.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هەریەك لە هێزەكانی میحوەری شەش و یەكەیەكی زێرەڤانی و هێزێكی دژەتیرۆر و چەند یەكەیەكی تری هێزی پێشمەرگە و فیرقەكانی 14 و 16 و یەكەیەكی دژەتیرۆری عێراقی، بە پشتیوانی فڕۆكەوانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپای عێراقی، بەشدارییان تێدا كردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچوارچێوەی كاری هاوبەشی نێوان هێزەكانی فیدڕاڵی و هێزەكانی پێشمەرگە هاتۆتە دی، بەرهەمی لەیەك تێگەیشتنە ئەمنییە هاوبەشەكانی هەردوولایە، بۆ مەبەستی لەناوبردن و تێكشكاندنی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا.