هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆنفرانسى زانستى (بۆلۆنیا پرۆسێس) ئەنجام دەدات 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنفرانسێکی زانستی تایبەت بە (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە کۆتایى مانگى ئابى ئەمساڵ ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە دەستی پێکردووە و مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکان و کۆمیونیتى ئەکادیمى دەتوانن لە چوارچێوەی بابەتە پەیوەندیدارەکان توێژینەوە زانستییەکانیان لەڕێگەى وێبسایتى تایبەتى (bpc-krg.com) کۆنفرانسى بۆلۆنیا پرۆسێس، پێشکەشی لیژنەی زانستی کۆنفرانس بکەن.
 
کۆنفرانسی زانستی تایبەت بە (بۆڵۆنیا پرۆسێس) بڕیارە لە ڕێکەوتى (۲۸-۲۹ ی ئابی ۲۰۲۲) لە شارى هەولێر بە چاودێریی (د. ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایان و توێژەران و پسپۆران و شارەزایانى نێودەوڵەتى بەڕێوە بچێت. تیایدا دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر بونیادنانی کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەک و هاوتەریبی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری کوردستان، ئەزموونی زانکۆکانی کوردستان لە جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، کاریگەری لەسەر کواڵێتی خوێندن و بەدەستهێنانی هەلی کار لەلایەن دەرچووان تاوتوێ بکرێت.
 
هەروەها ڕۆڵی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) لە فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، داڕشتنی چوارچێوەی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی، داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، بەشداریپێکردنی قوتابیان و خوێندکاران و گوێگرتن لە سەرنج و تێبینییەکانیان، بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا (ICT)  لە پرۆسەی خوێندن و فێربوون، ڕۆڵی ئۆتۆنۆمی  دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا  لە جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس)، سەرکردایەتیکردنی جێبەجێکردنی (بۆڵۆنیا پرۆسێس) و بەشداریپێکردنی هەموو  کۆمەڵگەی ئەکادیمی، پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆنفرانسەکە دەبێت.
 
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت،  مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکان و کۆمیونیتى ئەکادیمى ئاگادار دەکاتەوە کە دەتوانن بابەتە پەیوەندیدارەکان و توێژینەوە زانستییەکانیان لەڕێگەى وێبسایتى تایبەتى (bpc-krg.com)، پێشکەشی لیژنەی زانستی کۆنفرانس بکەن.