شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: هەفتەی داهاتوو سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، دەڵێ، لەو بارودۆخەی کە عێراق تیکەوتووە ئەوانە بەرپرسیارن کە لە ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا دەستووری عێراق پێشێل دەکەن، ئەوەش وای کردووە داعش و گروپە چەکدارەکان سەر هەڵبدەن. دەشڵێ، هەفتەی داھاتوو سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێردرێن و حکوومەتی نوێ پێکدێت.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” لەو بارودۆخەی کە عێراق تیکەوتووە ئەوانە بەرپرسیارن کە لە ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا دەستووری عێراق پێشێل دەکەن، ئەو دەستوورەی کە هەموو خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە، هەندێک لایەن کە دەستەڵات دەگرنە دەست دەبێت دەستوور جێبەجێ بکەن، بەڵام دێن پێشێلی دەکەن، بۆیە ئەوانە بەرپرسیارن لەو بارودۆخەی کە عێراق تێکەوتووە.
ئەو پەرلەمانتارەی کورد، دەشڵێ:” کە ناعەداڵەتی هەبوو، گەندەڵی هەبوو، بنەمای فیدڕاڵی تێکدرا، پرۆسەی سیاسی پەکخرا داعش سەرهەڵدەداتەوە، ئێستا جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان و هەندێک ناوچەی دیکە زیاتر بووە.
شوان محەمەد، دەشڵێ:” کورد پێشتر هەر دەستکەوتێکی بەدەست ھێناوە بەیەکڕیزی بووە، لە عێراقیش پێویستە هەموو لایەک ئاگامان لەوە هەبێت، چونکە هەوڵ دەدەن لە نێوان کورددا کێشە و گرفت دروست بکەن، ئەگەر کورد یەکڕیز بێت کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و پرسی کورد لە بەغدا، چونکە دۆخەکە لە مەندەلییەوە تا شنگال خراپە و بەردەوام کێشە بۆ خەڵک دروست دەکرێت و ئاوارەکانیش ناگەڕێنەوە بەھۆی ئەو دۆخەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە.
شوان محەمەد، روونیشیکردەوە:” سەرکۆمار هەڵدەبژێرێت، حکوومەتیش پێک دێت، بۆیە ئەگەرێکی زۆرە هەفتەی داھاتوو ئەو پۆستانەیەکلا بکرێنەوە و حکوومەتی نوێی عێراق پێک بێت، بەڵام ئەگەر ئەوانە بڕیار نەدەن خزمەتی خەڵک بکەن، ١٠٠ ساڵە کورد دەچەوسێنرێتەوە، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، بارودۆخی عێراق ئارام نابێت، چونکە عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق و تەوازن و شەڕاکەت دروست بووە، سەرۆک بارزانییش زۆر تەئکید لەوە دەکاتەوە، دەبێت ئەو بنەمایانە بپارێزرێن، بەو شێوەیە عێراق ئارام دەبێت، ئەگەرنا حکوومەتیش پێک بێت، کێشەکان بەردەوام دەبن و تەمەنی درێژ نابێت”.

ھەواڵی زیاتر