هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

عەباس غەزالی: قەڵای هەولێر و بێستوون و هەورامان سێ شانازیی گەورەن كە لە یۆنسكۆدا بوونەتە تۆماری جیهانی

“عەباس غەزالی” كەسایەتی چالاكی فەرهەنگی و نوێنەری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، له كۆنفرانسی نێودەوڵەتی “هەورامان تۆماركردنی جیهانی، كەلتوور و گەشەسەندنی ‌سەقامگیر‌” له زانكۆی ڕازی كرماشان، سەبارەت به سێگۆشەی جیهانیی «قەڵای هەولێر»، «كەتیبەی بێستوون» و «هەورامان» تا پاراستنی زمان، ژن، ژینگە و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان زانایاندا بەشداری كرد.

عەباس غەزالی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ ئێمە لە هەولێرەوە هاتووین تاكوو بڵێین: قەڵای هەولێر، بێستوون و هەورامان سێ شانازیی گەورەن كە لە یۆنسكۆدا بوونەتە تۆماری جیهانی؛ سێ شوێن كە تا ئێستاش ژیانیان تێدا بەردەوامە و ئەمە خۆی نیشانەی خۆڕاگری و خۆشەویستی ئەم خەڵكەیە بۆ خاكەكەیان. لە ڕاستیدا شانازیی تۆماری جیهانیی هەورامان تەنیا بۆ هەورامان نشینان نیە، بەڵكوو وەك بەشێك لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی، شێوازی تایبەتیی هونەری بیناسازی و هەروەها سەمبولی خۆڕاگریی بۆ مانەوەی مرۆڤ لە سەردەمانی كەونارا و ڕەفتاری بەرزی ئەندامانی كۆمەڵگەی هەورامان لەم سەردەمەدا وەك نموونەیەكی بەرز بۆ گشت جیهان جێی شانازییەكی گەورەیە، بۆیە ئەم كۆمەڵگەیە وەك گشت كۆمەڵگەكانی جیهان دەبێ مافی پەرەسەندنیان هەبێت.
عەباس غەزالی دەشڵێت: لە ڕاستیدا پەرەسەندنی فەرهەنگی وەك پایەیەكی سەرەكیی پێشكەوتن، یەكێكە لە پێویستییەكانی سەرەكیی پەرسەندنی پایەدار. بە دیدێكی ناوچەیی دەبێ بڵێین كە تیرێژی پەرسەندنی فەرهەنگیی هەر كام لە یەكەكانی خۆرهەڵاتی ناڤین تیشك دەداتەوە سەر یەكەكانی دیكەی ناوچەكە. بە تایبەتی پەرەسەندنی فەرهەنگی لە ناوچەیەك، لەبەر ئەوەی نەورۆز وەك ڕۆژێكی نوێ، كە سەرمایەیەكی هاوبەشی فەرهەنگییە لە ناوچەكەدا، دەتوانێت وەك سەمبولی هاوكاری، متمانە، بوردەیی و خۆشەویستی لە لاپەڕەی بەرنامەدانان بۆ داهاتوویەكی درەوشاوە و گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش ڕۆڵێكی بونیادنەر و شایستەی هەبێت. بەم نیگایە، پەرسەندنی هەورامان لە قۆناغی یەكەمدا كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر بەشەكەی تری هەروامان لە هەرێمی كوردستان و دواتر لە سەر زاگرۆس نشینان دەبێ. هیوادارین لە قۆناغەكانی داهاتوودا بازنەی ئەم كاریگەرییە لە ناوچەكەدا فراوانتر بێت.