پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ سێشەممە (19ی تەمموز/ یۆلیۆی 2022)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئۆليڤيێ ديكۆتينێ کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی و چارەسەرکردنیان لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو.

له‌و میانه‌یه‌دا، سەرۆکی حکومەت، وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور، جەختیشی لەوە کردەوە کە مانەوەی کێشەکان بە بێ چارەسەری و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، لە بەرژەوەندی ئارامی و سەقامگیریی و هاووڵاتییانی عێراقدا نییە.

سەرۆکی حکومەت لە بارەی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئاماژەی بە گرنگیی رێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی و بەشداریی راستەقینە و هاوسەنگیی و سازان کردەوە.

رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.