ئایا “خوێندنەوەی خێرا” خوێندنەوەیەکی دروستە؟

سەرەتای ئەم مانگە لە سلێمانی لەگەڵ هاوڕێیەکی نووسەردا کۆڕێکی هاوبەشمان سەبارەت بە خوێندنەوە پێشکەش کرد. لە کۆڕەکەدا من دژی ئەو جۆرە لە خوێندنەوە وەستامەوە کە بە “خوێندنەوە خێرا” ناودەبرێت. یەکێک لەو کەسانەی لە کۆڕەکە ئامادەبوو، کەوتە بەرگریکردن لە خوێندنەوەی خێرا و بەو پێیەی ژیان زۆر خێرابووە بۆیە پێویستە خوێنەری لەگەڵ خێرابوونی ژیاندا خێرایی خوێندنەوەی خۆی زیاد بکات. بێگومان من لە کۆڕەکەدا وەڵامی خۆمم دایەوە، کە حەزم کرد لێرەدا بە ڕوونکردنەوەی زیاترەوە سەبارەت بەم بابەتە بدوێم، چونکە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە دوو وتاری دیکەدا هەڵوەستەم لەسەر ئەم بابەتە کردووە و هەستم کرد ڕوونکردنەوەی زیاتری پێویستە.

خوێندنەوە؛ پرۆسەیەکە پێویستی بە ڕاکردن نییە لەنێویدا. بەڵکو پێویستی بە ڕێکردنێکی هێمن و بەکاوەخۆ هەیە. هەر خوێنەرێک بەڕاکردن بێتە نێو دونیای خوێندنەوەوە، ڕەنگە هەر بە ڕاکردنیش لێی بچێتە دەرەوە. بەڵام کاتێک خوێنەرێک دوور لە هەڵپە دەست بە خوێندنەوە دەکات، ئیدی هێدی هێدی هەموو دەمارەکانی مێشکی و هەستەکانی دەکەونە جوڵە چێژ لە خوێندنەوە وەردەگرێت و لەوێشەوە لێی سوودمەند دەبن.
لێرەدا دیسان دەچمەوە لای باسکردن لە خوێندنەوەی خێرا کە زۆرجار هەر لەگەڵ ناوهێنانیدا وەکو جۆرێک لە “خواردنی خێرا” دێتە بەرچاوم، وەک ئەوەی کاتێک مرۆڤ بە خێراییەکی زۆر ساندەویچێک دەخوات و ئامانجیش لێی تەنها گەدەپڕکردنە، نەک چێژوەرگرتن. خۆ ئەگەر کەمێک چێژوەرگرتنیشی تێدا بێت ئەوا چێژوەرگرتنێکی کاتیی تیژتێپەڕی بچووکە. بەڵام ئەو خواردنانەی کە بە هێمنی و لە کەشێکی ئارامدا دەخورێن، هەم زیاتر چێژیان لێ وەردەگیرێت و هەم جەستەش ئاسوودەتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. هەر ئەم نموونەیە بۆ دونیای خوێندنەوە بەهەمان شێوەیە، خوێندنەوەیەک کە بە هێمنی و تەرکیزەوە بێت و لە بارێکی ئارامی ڕۆحی و دەروونیدا ئەنجام بدرێت، بێگومان خوێندنەوەیەکی بەرهەمدار دەبێت. لە بیست ساڵی ڕابردوودا دەیان خوێنەرم ناسیوە، خوێنەری هەڵپەکەر نەبوون و ژمارەیەکی دیاریکراو کتێبیان خوێندووتەوە، بەڵام خاوەنی دونیابینی جوان بوون و ئەو ژمارە دیاریکراوە کتێبە خوێندراوەیە کردبوونییە خاوەنی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و ژینگەدۆستانە و هاوکات خاوەنی کەسایەتی. لێرەوە تێدەگەین هەر خوێنەرێک بە هێمنی بخوێنێتەوە و پرۆسەی خوێندنەوە بە شێوەیەکی جیدی وەربگرێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا (ناڵێم خێرا) دەبێتە خاوەنی کەسایەتی و لەوێشەوە دیدگای بۆ زۆرێک لە شتەکان دەگۆڕێت. خوێندنەوە بەر لەوەی پرۆسەی لافلێدانی مەعریفی بێت، پرۆسەیەکی خودسازییە. پرۆسەیەکە بۆ هەڵوێستوەرگرتن لە ئاست ئەو چەوتیانەی کە مێگەل دوای کەوتوون. خوێنەرە ڕاستەقینەکان ئەو بوونەوەرانەن کە خۆیان لە مێگەل جیا دەکەنەوە و دژ بە مێگەلگەرایی دەجەنگن. لە زۆر بارودۆخدا ئەوان مرۆڤە تەنیاکانی کۆمەڵگەن، بەڵام لەهەمانکاتدا مرۆڤە بێهەڵوێستەکان نین، بەڵکو ئەو مرۆڤانەن، لە سوچێکی ژیانەوە ڕووناکی بۆ کۆمەڵگە و دەوروبەریان پەخش دەکەن.
دوای ئەو نموونانەی لەبەشەکانی دیکەی ئەم زنجیرە وتارەدا باسم کردن ناتوانم بڵێم پرۆسەی “خوێندنەوەی خێرا” پرۆسەیەکی سەرکەوتووە، سەرکەوتنی پرۆسەیەک بە چەندێتی بەرهەمەکەی ناپێورێت، بەڵکو چۆنێتی دەپێورێت. گرنگ نییە ژمارەی کتێبە خوێندراوەکانمان زیاد بکەین، بەڵکو ئەوەی خاوەنی گرنگی پلەیەکە ئەوەیە چۆنێتی تێگەیشتنی ئێمەیە لەو کتێبانەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا خوێندوومانەتەوە. هەموو خوێندنەوەیەکی خێرا، دەشێ خوێندنەوەیەکی ڕووکەش بێت (بێگومان قسەم لە حاڵەتی دەگمەن و ئاوارتە نییە) و هاوکات ئامانجیشی لافلێدان بێت، نەک خۆرۆشنبیرکردن و پرۆسەی خودسازی. خوێندنەوەی خێرا، دەشێ لە هەندێک نموونەدا بەرگیکی رۆشنبیربوون، جۆرێک لە ڕووپۆشی مەعریفی بێت، بەڵام ڕووپۆشێکی کاتییە و ماسکێکە زوو دەکەوێت. بەڵام خوێندنەوەیەکی جیدی هێمن، دەشێ ببێتە خوێندنەوەیەک، کە ناوەرۆکێکی پتەو بدات بە خوێنەرەکە. لە 20 ساڵی ڕابردوودا بە دەیان خوێنەر کەوتووم کە خوێنەری بەردەوام بوون، بەڵام بەناوەرۆکێکی بۆشەوە، زۆرێکیان چەند هەفتە و مانگیش نمایشی مەعریفیان لەلاکردووم، بەڵام لە جێگەیەکدا بەر هەقیقەتیان کەوتووم و سیماس ساختەی مەعریفیان کەوتووە.
ئێستا بۆ ئەوەی لە ڕووکەشگەرایی دوور بکەوینەوە، گرنگە خۆمان لە خوێندنەوەی ڕووکەش “خێرا” بەدوور بگرین. بۆ ئەوەی بە مەعریفەیەکی ڕاستەقینە بکەین، پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و هێمنە و لەگەڵیشیدا بیرکردنەوەیەکی هێمن و تێڕامان لە دونیا و دەوروبەرمان و لەوێشەوە تێگەیشتن لە خودی خۆمان، چونکە “خوێندنەوەی خێرا” خوێندنەوەیەکی دروست نییە.

ھەواڵی زیاتر