نێچیرڤان بارزانی: عەلی قازی هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بووە

ئەمڕۆ دووشەممە 18-07-2022 تەرمی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد گەڕێندرایەوە بۆ هەولێر و لە فڕۆکەخانە بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازیی لە تەرمەکە کرا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، “عەلی قازی هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بووە.”

لەبارەی پێشەوا قازی محەممەدیشەوە، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، “پێشەوا قازی لە قۆناخێکی یەکجار دژواردا رابەرایەتی میلەتەکەی کرد، دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەوپێناوەدا گیانی خۆی بەخشی.” 

عەلی قازی، تاقانە کوڕی پێشەوا قازی محەممەدە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 10-07-2022 لە نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا بەهۆی وەستانی دڵیەوە کۆچی دواییکرد.

عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە. ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.

سەبارەت بە کاتی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، عەلی قازی محەممەد لەکاتی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە ئاداری 2014 گوتی، حکومەتی ئێران دەیویست تەرمی پێشەوا و هەڤاڵانی چەند رۆژێک بە سێدارەوە بهێڵێتەوە، بەڵام بەهۆی دانیشتووانی مهابادەوە ئەو کارەی بۆ نەکرا.

گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش

ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە لەم رێوڕەسمە ماتەمینەدا بەشدارین، تاکو بە رێز و شکۆوە پێشوازیی لە تەرمی خوالێخۆشبوو عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بکەین. 

خوالێخۆشبوو عەلی قازی (کوڕی رەش)، لەبەر مێژوو و پێگەی بنەماڵەکەی، لەبەرئەوەی یادگاری پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بوو، بە درێژایی تەمەنی خۆی، ناچاربوو بەرگەی زۆر سەختی، زەحمەتی، دوورە وڵاتی، پەنابەری و ئازارەکانی بگرێت. هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی و تەبایی و یەکێتیی گەلەکەیدا بوو، تاوەکو دوایین هەناسەش کە لەسەرە مەرگدا بوو، وەک لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن بینیمان زۆر بە دڵسۆزی و پەرۆشەوە داوای یەکڕیزی و تەبایی گەلەکەی دەکرد. هەرگیز لە خەمی گەل و وڵاتەکەی دوورنەدەکەوت. لەکوێ دەرفەتی هەبووایە، لەدوای تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەی بوو، ئەمەشی لە پێشەوا قازی باوکییەوە بۆ مابووەوە. دوایین وەسیەتی پێشەوای نەمریش، ئەوەبوو کە یەکڕیزی، تەبایی و یەکگرتوویی گەلەکەی داوا دەکرد. 

ئامادەبووانی بەڕێز. ئەمڕۆ کە هەموومان پێکەوە لێرەین، بۆ ئەوەیە کە رێز لە پێگە و خەبات و تێکۆشانی پێشەوا قازی و بنەماڵە بەڕێزەکەیان و قوربانیدانیان لەپێناو گەل و وڵاتەکەیاندا بەرز بنرخێنین. 

پێشەوا لەپێناو ژیانێکی شایستە و باشتر بۆ گەلەکەی، لەپێناو کۆتاییهێنان بە نکۆڵیکردن و چەوساندنەوە، لە قۆناخێکی ئێجگار دژواردا رابەرایەتی میللەتەکەی کرد. دواجاریش مەردانە چووە بەر پەتی سێدارە و لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخشی. پێشەوا بەو قوربانیدانەی، بووە سیمبوولی زیندووی خۆبەختکردن لە مێژووی گەلی کوردستان و بووە بەشێک لە یادەوەریی هەمیشە زیندووی نەوەی دوای خۆی. 

ئێمە کاتێک لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە کوڕ و یادگاری ئەو سەرکردە نەمرە وەستاوین، مێژووی پڕ شانازی کۆماری کوردستان و بەها بەرزەکانی هاوبەشی نەتەوەیی و بەهاناوەچوونی بارزانییەکان و تێکۆشەرەکانی دیکە بۆ داکۆکیکردن لە کۆمار و داستانی پەڕینەوە لە چەمی ئاراس دێنینەوە یاد. 

لەکاتێکدا بەڕێز و شکۆوە، لە خەباتی قازی محەممەد و بارزانی نەمر و هاوسەنگەرەکانیان دەڕوانین، هەموو ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەمان دێتەوە یاد کە بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ بەهەر رێگەیەک و بەهەر شێوەیەک بۆیان کرابێت، خەباتیانکردووە بۆ وەدەستهێنانی مافی گەلەکەیان. بوونە قوتابخانە و رێنیشاندەر و هەوێنی درێژەپێدانی تێکۆشانی نەوەی دوای خۆیان. مێژووی گەلی کوردستان، مێژووی هەوڵ و تێکۆشانی میللەتێکە، کە ویستوویەتی و دەیەوێ دوور لە غەدر و پێشێلکردنی ماف، لە سایەی دانپێدانان بە مافە رەواکانیدا ئاشتی و برایەتی پێکەوە لەگەڵ میللەت و گەلانی برا و هاونیشتمان و هاوچارەنووسیدا بژی.

گەلێک کە هەمیشە ویستوویەتی کێشەیەکی سیاسیی بە ئاشتی و دوور لە شەڕ و کاولکاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. گەلێک، ویستوویەتی و دەیەوێ، وەک گەلێکی گەورەی ناوچەکە پێگەی زەوتکراوی خۆی وەربگرێتەوە و مافەکانی بسەلمێندرێ، تاوەکو بتوانێت ببێتە فاکتەر و هاوبەشێکی بەهێزی ئاشتەوایی و سەقامگیری و پێشکەوتن کە خزمەت بە کۆی گەلانی ناوچەکە بکات.   

ئەو ناوچەیەی لە دەست شەڕ و ناسەقامگیری و ململانێ بێ کۆتاییە. زۆری چەشتووە و زۆر دەرفەتیشی لەدەستچووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پەیامی گەلی کوردستان هەر ئەو پەیامەیە و تەنیا و تەنیا پەیامی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانەیە، خواستی پێکەوەژیانی برایانەیە لەگەڵ هاونیشتمانیانمان و گەلانی برامان لە ناوچەکەدا. 

ئامادەبووانی بەڕێز. میللەتانی زیندوو هەمیشە نرخ و ماندبووبوونی تێکۆشەرەکانیان دەزانن، بە چاوی وەفا و رێز لە قوربانییان دەڕوانن و یاد و یادگارییان بە زیندوویی و بە بەرزی رادەگرن. زۆر پێویستە ئەم کولتوورە بە زیندوویی لەناو میللەتی ئێمەدا بمێنێتەوە. پێویستە بەردەوام نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووش رێز لە خەبات و ماندووبوونی ئەو سەرکردانە بگرن کە لە پێناو میللەتی خۆیان خەباتیان کردووە و تێکۆشاون و کۆڵیان نەداوە. 

کۆبوونەوەمان ئەمڕۆ بۆ پێشوازیمان لە تەرمی کوڕی رەش، ئەو وەفاداری و ئەرکە پیرۆزەیە کە لێمان چاوەڕوان دەکرێت. تەرمی بەڕێز عەلی قازی، تاقانەی پێشەوامان، بەڕێزەوە هێنایەوە کوردستان. هەر بەڕێزیشەوە لە باوەشی وڵاتدا دەنێژرێت. دەبێ وابێت و ئەمەش مافێکی خۆی و بنەماڵەکەیەتی، هەروەها ئەرکی ئێمەیە کە رێز لەو بنەماڵەیە بگرین.

لەدوای شەهیدبوونی پێشەوا قازی، کۆچکردوو عەلی قازی عەوداڵی وڵات بوو، هەر لەو پێناوەشدا زۆر دەربەدەری و ماندووبوونی بۆ وڵاتەکەی بینی و لەکۆتاییدا هاتەوە ناو باوەشی وڵات. بەخێربێتەوە و ئارام بنوێت کوڕەکەی پێشەوامان. سڵاو لە گیانی پاکی کاکە عەلی و دروود بۆ یادی پێشەوای نەمر و شەهیدانی بنەماڵەی خانەدان و کوردستانپەروەری قازییەکان و سەرجەم شەهیدان و تێکۆشەرانی کوردستان. 

پرسە و سەرەخۆشیی دووبارەمان بۆ بنەماڵە بەڕێزەکەیان، خزم و کەسوکار و هەموو کوردستانییانی خۆشەویست، یادی کاکە عەلی هەمیشە بەخێر و ئێوەش هەموو لایەکتان بەخێربێن بۆ ئەم مەراسیمە.

ھەواڵی زیاتر