هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ته‌رمی عه‌لی قازی به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا

ته‌رمی عه‌لی قازی، كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر پێشوازی لێكرا.

له‌ مه‌راسیمێكدا ته‌رمی عه‌لی قازی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌ڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا، دواتر نێچیرڤان بارزانی گوتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، عه‌لی قازی “كوڕی ره‌ش” له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یادگاری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بوو، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆی ناچاربوو، به‌رگه‌ی سه‌ختییه‌كی زۆر و دووره‌ وڵاتی و ئازاره‌كانی بگرێت، هه‌میشه‌ له‌ خه‌می یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كێتی گه‌له‌كه‌ی دابوو.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، میلله‌تانی زیندوو هه‌میشه‌ نرخ و ماندووبوونی تێكۆشه‌ره‌كانیان ده‌گرن، به‌ چاوی وه‌فاوه‌ رێز له‌ قوربانیانیان ده‌ڕوانن و یاد و یادگارییان به‌ زیندوویی و به‌ به‌رزی راده‌گرن، ئه‌م كولتووره‌ زۆر پێویسته‌ له‌ناو میلله‌تی ئێمه‌ به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌، پێویسته‌ به‌ به‌رده‌وام نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌ی داهاتووش رێز له‌ خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌و سه‌ركردانه‌ بگرێت، كه‌ له‌ پێناو میلله‌تی خۆیان خه‌باتیان كردووه‌ و تێكۆشاون و كۆڵیان نه‌داوه‌.

هه‌ر له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی حكومی و ژماریه‌ك كه‌سایه‌تی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی تاجه‌ گوڵینه‌ له‌سه‌ر ته‌رمی عه‌لی قازی دانرا.