نایەکسانیی دیجیتاڵی

پ.د. نەزاکەت حسێن

تەکنەلۆجیا جیهان و ژیانێکی دیكەی بۆ خوڵقاندووین لە دەرەوەی ژیانە فیزیکییەکە، کە دەبێت سەرلەنوێ شتەکان پێناسە بکەینەوە، چەمکەکان پێناسە بکەینەوە، پەیوەندیەکان و کۆمینیکەیشنەکان بگونجێنین لەگەڵ ئەو جیهان و ژیانە گریمانەییەدا، گرفتەکەش ئەوەیە جیهانێکە گریمانەیی و رێکخستنی جیهان و ژیانی گریمانەیەییش ئاسان نییە بۆ مرۆڤەکان، ژیانێکە مرۆڤ گەشت دەکات بەهەموو جیهاندا بە مێشک نەک بە جەستە، جەستە بەشدار نییە، هۆش بەشدارە. ئەم ژیانە دیجیتاڵییەش جێگیر نییە، چونکە تەکنەلۆجیا وای کردوە هیچ شتێک جێگیر نەبێت، چونکە دەکەوێتە سەر ئەوەی هەرکەسە تەکنەلۆجیا چۆن بەکار دێنێت. ئەوە مانا و بناغە دەدات بەم ژیانە دیجیتاڵییە. گەرچی لەسەرهەڵدانی یەکەم ئامێری تەکنەلۆجیا ئەم ژیانە دەستی پێ کرد، بەڵام بەهەموو مێژووەکەی هێندەی پەتای کۆڤید ١٩ سەردەمەکەی نەبردە پێشەوە، کە جیهانی بە شێوەیەک دیجیتاڵی کرد؛ دوای تەواوبونیشی نەک ئاسان نییە مرۆڤەکان لەم ژیانە دیجیتاڵییە بچنە دەەرەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری هەر بوو بە مۆدیل و ریتمی ئیشکردن و کار. ئەوەی لێرەدا باسی بکەین کە گۆڕا لە ژیانی دیجتاڵی، دروستکردنی نایەکسانی بوو، لەوەتەی مرۆڤ هاتوەتە بوون باسی نایەکسانی دەكا و ئایینە ئاسمانییەكان و یاساکانی سەرزەوییش کار دەكەن بۆ نەهێشتنی. نایەکسانییش لەنێوان مرۆڤەکان لە نایەکسانیی هێزەوە دروست دەبێت، بەتایبەتی هێزە ئابوورییەکان لای کێ کۆ بووەوە هێز دەچێتە دەستی ئەوە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەرچاوە سروشتییەکان لە چ بەشێکی جیهان ببوون، هێز لای ئەو بووە. هەر لە زەویی کشتوکاڵی و نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیكەوە، دواتریش شۆڕشی پیشەسازی لەو شوێنانە سەری هەڵدا و سەرچاوەی هێز کەوتە لای ئەوان، ئاسان نەبوو ئەم سەرچاوە و دەستەکەوتانە بگوازرێتەوە دابەشی کەیت بەسەر جیهاندا بە یەکسانی، بۆیە نایەکسانی لێ کەوتەوە لەجیهاندا، کە تا ئێستا ئاسەوارەکانی ماوە. ئەمڕۆ جۆرێکی تر هێز هەیە، جیهان پێویستی بە ئاسن و خەڵووز نییە لەجیهانی دیجیتاڵی، چونکە لە جیهانی دیجیتاڵی شۆڕشی زانستی کۆمپیوتەر و شۆڕشی زانیاری و مەعریفە هەیە، سەردەمەکە سەردەمی ئابووریی تەکنەلۆجیایە، ئابووریی تەکنەلۆجیاش، مەعریفە و پرۆفیشناڵی لە دەستێکدایە و دەستەکەی تریش داتا و کۆمپیوتەر، ئەمانە لای کێ بوون هێز دەچێتە لای ئەو کەسە، ئەمانەش بە یەکسانی دابەش نەبوون بەسەر جیهاندا.
سێرهی پلۆخی پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت: “ئەمڕۆ قورسایی داتا و زانیاری لای ئەمازۆن و عەلی بابایە’ . یۆڤاڵ هەراری دەڵیت: “ستالینەکانی جاران سەیری رەفتار و سلووکیان دەکردیت کۆنترۆڵیان دەکردیت، ئێستا ستالینەکانی دیجیتاڵی سەیری ناخت دەکەن و کۆنترۆڵت دەکەن، چونکە شۆڕشی زانستی، بایۆلۆجی نەقڵی داتای بایۆلۆجیی ناوەوەی مرۆڤەکانی کرد بۆ داتای دیجیتاڵی”. بۆیە کێ توانیی زۆرترین کۆنترۆڵی ئەم مەعریفەیە بکات، هێز دەباتەوە لای خۆی، بەمەش نایەکسانی دروست دەبێت. یەکێک لەگرفتەکانی ئەم کۆنترۆڵەی تەکنەلۆجیاش ئەوەی تا ئێستا لەسەرەوە بۆ خوارەوە کۆنترۆڵی کردووە، واتە ئەوەندە بەدەست حکوومەتەکانەوە بۆ چاودێری و کۆنترۆڵی هاووڵاتیان، ئەوەندە بواری نەڕخساندووە هاووڵاتیانیش چاودێر بن بەسەر حکوومەتەکانەوە بە مۆبایلەکەی دەستیان، یان بە ئامێرێکی تەکنەلۆجی چاودێریی کارەکانی حکوومەت و داهاتەکان بکەن. بۆیە لەسەر ئاستی سیاسیش وەک ئاستی ئابووری، نایەکسانیی دروست کردووە. دەبێت کار بۆ هاوسەنگکردنەوەی ئەم نایەکسانییە بکرێت، ئەگیان لەژیانی دیجتاڵییش توندڕەوی و چەوساندنەوە دروست دەبێت، داتاکان و زانیارییەکان لەدەست لایەکدا دەبن و لایەكەی دیكەی پێ كۆنتڕۆڵ و سەركوت دەكات.

ھەواڵی زیاتر