کارزان گلی
ئێرتوغرول ئۆزكۆک، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا و سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركیا، دەچێتە ئامەد و لەوێ بە دیار گۆرانی و دیلانەی كوردییەوە هەڵپەڕکێ دەكات، لە كاتێكدا پێشتر ئەحمەد كایای بە بێشەرەف دەزانی، چونكە ویستی گۆرانییەك بە زمانی كوردی بچڕێ و بڵاوی بكاتەوە؛ گوڵتەن كایا، هاوسەری گۆرانیبێژی ناوداری توركیا و بەڕەگەز كورد ئەحمەد كایا، نیگەرانە لەو هەڵوێستەی ئۆزكۆک، كە پێشتر وەكوو سووكایەتییەک بە زمانی كوردی، لە رۆژنامەی حوڕیەت جنێوی بە كایا دەدا، كەچی ئێستا بە دیار گۆرانیی كوردییەوە هەڵدەپەڕێت.
لە 11_2_1999، لە لایەن كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی مەگەزینەوە، ئەو گۆرانیبێژ و رۆژنامەنووس و شاعیر و ئاوازدانەرانە خەڵات دەكران، كە بەرهەمی شاكاریان پێشكەش كردووە، كایاش یەكێك بوو لەوانەی وەكوو (ئەستێرەی ساڵی مووزیك) هەڵبژێردرا، بەڵام كاتێك هاتە سەر شانۆ گوتی: ”ئیدی دەمەوێت بە زمانی كوردی كلیپێك بڵاو بكەمەوە“ لەناو هۆڵ بووە هاتوهاوار و بەشێكی زۆری گۆرانیبێژەكان هاواریان بەسەردا كرد و پێڵاویان تێی گرت و سووكایەتییەکی زۆریان پێی كرد. بەڵام بۆ بەیانییەكەی ئەوەی رۆڵی خراپی بینی لەو رووداوە، میدیای توركیا بوو، بە تایبەت رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركی، چونكە بە مانشێتی گەورە نووسیبویان ”ئای بێشەرەف ئەحمەد كایا“ كە ئەوكات ئێرتوغرول ئۆزكۆك، سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە بوو؛ ئۆزكۆك، وەكو سووكایەتی بە زمانی كوردی و دیلانەی كوردی، كایای وەكو كەسێكی سفڵە و خاین ناو برد، كە چۆن باس لە چڕینی گۆرانی و دیلانەی كوردی دەكات.
چەند رۆژێك لەمەوبەر ئێرتوغرول ئۆزكۆك، دەچێتە ئامەد و لەوێ لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێكدا بە دیار گۆرانی كوردییەوە هەڵدەپەڕێ، ئەمەش بووەتە هەرایەكی گەورە و وەكوو كەسێكی دووڕوو ناوی دەبەن، بەتایبەت لە لایەن هاوسەری ئەحمەد كایا و هەوادارانی ئەو گۆرانیبێژە گەورەیە. ئەگەرچی دوای مردنی كایە، ئێرتوغرول ئۆزكۆك، چووە سەر گۆڕەكەی و داوای لێبوردنی لێی كرد، بەڵام ئەمە پەڵەیەكی رەشە بەنێوچاوانی و لێی نابێتەوە؛ ئەمە بەشێك لەو نووسینەیە كە رۆژنامەی (حوڕیەت) وەكوو سووكایەتییەك بە كایا گوتبووی: ”ئەحمەد كایای گۆرانیبێژ، بە ملیارانی لە توركیا قازانج كردووە و نانی توركیای خواردووە، كەچی دیسان کۆنەقینەی بەرامبەر بە توركیا، رشاندەوە. ئەو سووكایەتی بە 64 ملوێن كەس دەکا لە توركیا! ئای …شەرەف!”
ئەحمەد كایا، لە 28_10_1957 لە مالاتیای باكووری كوردستان لەدایك بووە، لە 16_11_2000 لە پاریس كۆچی دوایی كردووە؛ ئەگەرچی تەمەنێکی وای نەکرد و تەنیا 43 ساڵ ژیا، بەڵام توانیی 12 ئەلبوومی گۆرانی بڵاو بكاتەوە و ئەلبوومەكانی، 25ملیۆن زیاتریشی لێ فرۆشراوە.