پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی داعشی لەدژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند 

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا تاوانه‌كانی چه‌كدارانی داعش (له‌ ساڵی 2014) دژ به‌ پێكهاته‌ی ئێزدی به‌ جینۆساید ناساند، ئه‌ندامێكی پارتی سه‌وزیش رایگه‌یاند، داننان به‌ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تاییه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئازاره‌كانی ئه‌م پێكهاته‌.

ماكس لۆكس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا سه‌ر به‌ پارتی سه‌وز به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی راگه‌یاند، داننان به‌ جینۆساید ئێزدییه‌كان هه‌نگاوێكه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئازاری ئه‌وان. 

لۆكس راشیگه‌یاند، ‌ “دابینكردنی ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ ئێزدییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانمان”.

ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پێكهاته‌ی ئێزدی تێدایه‌، تاكه‌ وڵاتیشه‌ له‌ رێگه‌ی دادگاكانییه‌وه‌ تۆڵه‌ له‌ چه‌كدارانی داعش ده‌كاته‌وه‌ دادگاییان ده‌كات.

له‌ مانگی تشرینی دووه‌م / نۆڤێمبه‌ری رابردوو، دادگایه‌كی ئه‌ڵمانی چه‌كدارێكی داعشی به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی دژ به‌ پێكهاته‌ی ئێزدییه‌كانی دادگاییكرد.

له‌ماوه‌ی رابردووشدا نادیه‌ موراد، ژنه‌ چالاكوان و رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش، كه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌ڵمانیای بە “سەرکەوتن” بۆ هەوڵەکانی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش ناوبرد. 

له‌ كاتی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ ساڵی 2014 سه‌دان منداڵ و ژنی پێكهاته‌ی ئێزدی جینۆسایدكران، له‌مباره‌ه‌وه‌ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای كرد، به‌ڵگه‌ی روون و ئاشكرا هه‌ن كه‌ ئێزدییه‌كان جینۆساید كراون.