گۆڤار ئەنوەر: ئەو ڕۆڵانەی من دەیبینم لەلای خۆم کۆمیدی نین

ئەکتەری کۆمیدی و زۆر بەناوبانگی کورد و شاری هەولێر “گۆڤار ئەنوەر” کە لە چەندین فیلمی گەورە و دراما و شانۆگەریدا کاری کردووە لەم دیدارە تایبەتییەی “هەولێر”دا وەڵامی چەند پرسیارێکی هونەری و تایبەتمان دەداتەوە.

٭ تۆ زیاتر بە ڕۆڵی کۆمیدییەوە ناسراویت، پێت وایە لە ڕۆڵێکی تراژیدیشدا بتوانی هەمان ئاست پێشکەش بکەیت؟
ـ ڕاستە من زیاتر بە ڕۆڵی کۆمیدییەوە ناسراوم، بەڵام ئەو ڕۆڵانەی من دەیبینم لەلای خۆم کۆمیدی نین، هەرچەندە خەڵک بەو ڕۆڵانەی من دەیانبینم دڵخۆش دەبن و پێدەکەنن، لەهەمان کاتدا دەربارەی ڕۆڵی تراژیدی بێگومان دەتوانم کاری زۆرباشی لەسەر بکەم بەو مەرجەی ئەو دەقەی دەیبینم دەقێکی باش بێ.
٭ بە بۆچونی تۆ دەرکەوتن و ناسراوی دەبێتە کێشە و ئیرەیی لەلایەن خێزانەوە؟ تۆ هیچ کاتێک هەبووە ئەم کێشەیەت بۆ دروست بووبێت؟
ـ من خۆم هەرگیز تووشی بابەتێکی لەو شێوەیە نەبوومە و بگرە هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشتمە و هاوکارمە، من وەکو “گۆڤار خەپۆکە” هەموو خەڵکی کوردستان بە خوشک و برا دەبینم و بۆیە تووشی ئەو کێشانەیش نەبوومە، بەڵام دەمەوێ ئەوەیش بڵێم بە ڕای من هیچ ئافرەتێک نییە ئیرەیی بە ئافرەتی بەرامبەر نەبات، بەڵام پیاو دەبێ خۆی بسەلمێنێ بۆ هاوژینەکەی خۆی، چونکە ئافرەت زۆر جوانە، ئەگەر پیاوێکیش بیەوێ ئەو جوانییە ببینێ و بمێنێتەوە دەبێ ئەدەبەکەیشی هێندە جوان بێت.
٭ تا چەند گرنگیت بەوە داوە کار لەگەڵ چ دەرهێنەرێکدا بکەیت؟
ـ من لەگەڵ زۆربەی دەرهێنەرەکاندا کارم کردووە، دەیشزانم کامیان لە کامیان ئاستی بەرزترە و تێگەیشتنی کامیان جیاوازترە، بەڵام هەر دەرهێنەرێک کە من هەڵدەبژێرێ، بەر لەوەی سەیری دەقەکە بکەم سەرەتا سەیری کەسایەتی و لێهاتوویی و توانستی ئەو دەرهێنەرە دەکەم، ئەوسا کە دەبینم ئەو دەرهێنەرە لە ئاست ئەو دەقەدایە کە کاری لەسەر بکا، منێش تێیدا بەشدار دەبم.
٭ دەکرێ بزانین پرۆژەی نوێت چییە و بە نیازی چ کارێکی تازەیت؟
ـ لەگەڵ ئەوەی نامەوێ باری تەندروستیم بکەمە بیانوو، بەڵام ماوەی ساڵێکە بەهۆی تەندروستیمەوە کەمێک دابڕاوم لە کارکردن، بێگومان پرۆژە هەیە، بەڵام هیچ پشتگیرییەکە بەرز و باش نییە تاکو بەرهەم بهێنرێ یان کاری لەسەر بکرێ، پرۆژە هەبوو داومەتە تەلەفزیۆن، بەڵام وەرنەگیراوە بەهۆی ئەوەی زەرەرمەند دەبوون لەوەی لێیان دەپرسراوە بۆچی درامای باش بەرهەم ناهێنن مادەم ئەو دراما ئاستبەرزانە هەیە و دەکرێ بەم کارانە درامای کوردی بەرەوپێشتر ببرێ.

ھەواڵی زیاتر