“دڵەڕاوکێی پلەوپایە”ی ئالان دە بۆتن


“دڵەڕاوکێی پلەوپایە” لە نووسینی “ئالان دە بۆتن”ـە کتێبێکی نوێی وەرگێڕدراوە نووسەر و وەرگێڕ سەڵاح حەسەن پاڵەوانە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم-ـە لە دوتوێی 374 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە پەیوەستییەکی زۆری بە دۆخی ئێستاوە هەیە و هەڵوەستەکردنە لەسەر کۆمەڵێک چەمکی پەیوەندیداری ئەم سەردەمەوە و بەتایبەت لەسەر چەمکی “پلەوپایە” هەڵوەستە دەکات. وەرگێر سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت “هەستکردن بە ڕازیبوون بەشێکی گرنگ لە ژیانمان پێکدێنێت. هەمیشە بەوە قەڵس دەبین کاتێ بە چاوێکی سووک تێمان دەڕوانن، سوکایەتی نەک بە مانا مۆراڵییەکەی، بەڵکو بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی، هەموومان خەونی ئەوە دەبینین لە کۆمەڵگادا جێگەیەک، پلەیەک، ناوێ، نازناوێ بۆ خۆمان داگیربکەین.”
ئەم کتێبە لە ئەنجامی سوودوەرگرتن لە ژانرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی و تا ڕادەیەک مێژووییەکانەوە ناوەڕۆکی بابەتەکانی ئەم کتێبە هاتووەتە بەر. نووسەر کتێبەکەی بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش کردووە: هۆکار و چارەسەرەکان. کتێبەکە لە بازنەی ژمارە پێنجدا دەسوڕێتەوە، ئەم بازنەیە لە کتێبەکانی تریشیدا بەدی دەکرێت، لە سەرەتادا ئاشنامان دەکات بە پێنج هۆکاری سەرەکی وەک ( نەبووبی خۆشەویستی، خۆبەزلزانین، چاوەڕوانی، شایستەیی، یان دەسەڵاتی ئەوانەی کە بەپێی توانایان بەرهەم دەهێنن) کە ئەمانەش بۆ خۆیان پەیوەستن بە پلەوپایە و پێگەی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگا و لە نێو دڵی جەماوەر و لای سیاسەت و ئاینەکاندا، ئەم هۆکارانە بە دڵنیاییەوە هەر بەشێکی بۆ خۆی گرفتی خۆی هەیە، کە نووسەر لە نێو پێنج بواری ( فەلسەفە، هونەر، سیاسەت، ئاین، بوهەیمیدا ) بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت.
سەرەتایی کتێبەکەی بە پێناسەیەک بۆ بنەچەی وشەی (پێگە) دەست پێدەکات لە بنەڕەتدا ئەم وشەیە لە زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە مانای ستاتوم Statum واتە ڕاوەستاو، کە لەڕووی ماناوە ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤ لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە لە نێو کۆمەڵگادا، بەڵام بە مانا فراوانەکەی بەواتای ئەوەی کە مرۆڤ بە چ دیدگایەک کۆمەڵگا لێی دەڕوانێت و بەهای چەندە.
ئالان دە بۆتن لە دایکبووی 1969یە و نووسەری کتێبەکانی (دڵنەواییەکانی فەلسەفە، ئاین بۆ بێئاینەکان، چۆن پرۆست دەتوانێ ژیانت بگۆڕێت) دوو کتێبی یەکەمی ئەمانە پێشتر هەمان وەرگێڕ کردوونی بە کوردی و لە دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر