پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشەممە 5/7/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له سیناتۆرى ناودارى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێز لینزى گراهام و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكى باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عیراق و جه‌نه‌رال جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار و پله‌دارانى سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق و پرۆسه‌ى سیاسیی وڵات، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان، دۆخى سووریا و پرسى كورد له‌و وڵاته، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه كرده‌وه و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌ترسیى تیرۆر و سه‌رهەڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریی عیراق و سووریا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه، پێویسته ئارامى و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه پارێزراو بێت و هه‌مووان له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵ و كۆششیان بخه‌نه گه‌ڕ.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستان بۆ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى تیرۆردا، دووپاتى كرده‌وه كه كلیلى سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى عیراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا یه به گفتوگۆ و به‌پێى ده‌ستوور.
په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو.