دلۆڤان ڕەحیم – هەولێر
لە کاتێکدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا سەردانی سعودیە دەکات و، پرسی سەرەکیی داهاتووی هەناردەی نەوت دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بژاردەی بەرهەمی زیاتر بۆ بازاڕ تاوتوێ دەکرێت، پرسی نەوت و گازی کوردستانیش وەکو بژاردەیەکی ناوچەکە دێتە بەرباس، بەتایبەت دوای سزاکانی سەر ڕووسیا و کەمبوونەوەی هەناردەی نایجیریا و لیبیا .
ئۆپێک پڵەس کە ١٣ ئەندام لەخۆ دەگرێت لە بەرامبەر وڵاتانی دیکە کە ئەندامی ئۆپێک نین و ڕووسیا سەرپەرشتیان دەکات لە ٣٠ حوزەیران کۆبوونەوە و ڕێککەوتن بە بەرهەمهێنانی 648 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ بازاڕەکان لە تەممووز و ئابدا ، ئێستا چاوی ئەمریکا و وڵاتان لەسەر نەوتی عێراق، سعودیە، ئیماراتە لە نێو عێراقیشدا هەرێمی کوردستان.
بایدن دەیەوێت ئیمارات و سعودیە کرداریان هەبێت بەرامبەر نرخێکی کەمتر بۆ نەوت، لەکاتێكدا نەوتی ڕۆژئاوای تەکساس بە تێکڕا 110 ملیۆن دۆلارە بۆ بەرمیل، نرخی کاڵۆنێک بەنزینیش لە ئەمریکا گەیشتووەتە 4.87 دۆلار، بەڵام ڕیاز دەیەوێت بایدن بێ داواکاری لە هەناردەی نەوت بێتە سعودیە، لە بەرامبەر پرسی وزەدا ڕیاز دەیەوێت پشتیوانی زیاتری ئەمریکا وەربگرێت لە هەڕەشەی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن بۆ سەر وڵاتەکە بە تایبەت لە یەمەندا .
ئەو هاوکێشە نێودەوڵەتییە لە دوو پرسدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، یەکەمیان کرداری ئەمریکا بەرامبەر هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دووەمیان ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی وزە بۆ ناوچەکە لە نەوت و گازی سرووشتیدا وەکو بەشێک لە پلانی هەرێمی کوردستان.
فرانک ڤێراسترۆ، ڕاوێژکاری باڵا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەمریکا دەڵێ :”نازانرێ داهاتووی نەوت چی دەبێت، بەڵام هاوین کاتێکی باش نییە بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بڕی هەناردەکردن کەم بکەنەوە، بەڵکو لە چەندین ڕووەوە ئەو وڵاتانە پێویستیان بە زیادکردنی بەرهەم و پڕکردنەوەی پێویستییەکانە .
سەداد ئەلحوسێنی، جیۆلۆجیستی پێشوو لە ئارامکۆ دەڵێ: “سعودیە و کوێت و عێراق و ئیمارات پێکەوە ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل توانای یەدەگی بەرهەمهێنانیان هەیە، نیوەیان لەلایەن سعودیەوەیە، بەڵام لە زۆر وڵاتی ئەندامی ئۆپێک هێشتا کورتهێنانی بەرهەم هەیە لەوانە نایجیریا و ئەنگۆلا، گەورەترین مەترسیش لەسەر لیبیایە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆس لەوبارەوە نووسیویەتی: “نزیکەی ملیۆنێك بەرمیل کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی بەرهەمی عێراق ڕەنگە کەم بکرێتەوە و ڕێگە بگیرێت بگاتە بازاڕ، بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەسەر نەوتی هەناردە کراو هەیە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە ناکۆکن، سێ جار هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، جگە لەوەش دوو کۆمپانیا کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت تەواو بوو، لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان و کەمکردنەوەی خەرجی گرێبەستیان نوێ نەکرایەوە .
پێش چەند ڕۆژێک یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا لە نووسینێکدا ڕایگەیاندبوو:”
لە کاتێکدا بایدن بە تەمایە سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆببێتەوە، قەت دەرفەتێکی وا لەبەردەم ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست نابێتەوە بۆ هاتنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکار بن لە سەقامگیری بۆ گرنگترین هاوپەیمانمان و بازاری ئابووری جیهاندا، سەرۆک بایدن خۆی ئەو سەنگە سیاسیەی هەیە کە داوا بکات بەغدا هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژێت کە ڕکابەری کورد سوودی نییە و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاری نەوت هەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ ڕەزامەندیی ئەمریکا یارمەتیی عێراق نادات، واشنتۆنیش دەتوانێ ئەوە بکات کە هەر هەنگاوێک دژی سیاسەتی ئەو کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕی وزە دەبێ لە جیهاندا.