دوای جەژن کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ حکوومەتی نوێی عێراق ئاشکرا دەبێت

نۆ مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا نەتوانراوە حکوومەتێکی نوێ بۆ عێراق دابمەزرێت. ریسی سەرجەم هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بوونەتە خوری و لە چوارچێوەی نەخشەیەکی تردا هەوڵی دامەزراندنی حکوومەت دەدرێت.

تا نیوەی دووەمی مانگی رابردوو هەموو چاوەکان لەسەر هاوپەیمانێتی سێقۆڵی نێوان سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان بوون بۆ ئەوەی حکوومەت دابمەزرێنن، بەڵام سەرجەم ئەو رێکارانەی هاوپەیمانێتی سەدر گرتیە بەر دەرەنجامی ئەرێنییان نەبوو، تا دواجار بڕیاری کشاندنەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانی دا کە ژمارەیان ٧٣ کەس بوون و بەمەش گۆڕەپانەکە رادەستی ئەو لایەنە کرا کە بەیەک لەسەر سێی پەکخەر ناسرابوو و لە نۆ مانگی رابردوودا رۆڵی هەبووە لەوەی پەرلەمان رێژەی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار دەستەبەر نەکات.
وەک ئاشکرایە پەرلەمان پێویستی بە ٢٢٠ ئەندام هەبوو تا بتوانێت کۆ ببێتەوە و سەرکۆمار هەڵبژێرێت، بەڵام هەرگیز بەو ژمارە نەگەیشت و دواجار رەوتی سەدر بەیەکجاری لە پەرلەمان هاتە دەرەوە.
لە ماوەی رابردوودا کاتێک لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەوە دڵنیا بوون هیچ دەرفەتێکی یاسایی لەبەردەم سەدر نەماوە تا وەک فراکسیۆنی زۆرینە هەنگاوی نوێ بنێت، دەستیان بە جووڵە کرد و لەیەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق توانیان بە رێچکەیەکی یاسایی شوێنی زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانە پڕ بکەنەوە کە بە فەرمانی سەدر وازیان لە کورسییەکەیان هێنابوو.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پڕکردنەوەی ئەم کورسییانەی پەرلەمان زۆرترین قازانجیان پێ بڕا و کورسییەکان بە سەر لایەنە جیاوازەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە دابەش بوون.
لە ماوەی رابردوودا ئەو گرووپ و لایەنە سیاسییانە لەگەڵ یەکتردا کەوتوونەتە گفتوگۆ و دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی وەک سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش کردووە بەڵام هێشتا هیچ سناریۆیەکی نوێ بە روونی نەخراوەتە روو.
ئەوەی ئاشکرایە پاڵێوراوی حکوومەت هەر لە لایەن ئەو چوارچێوەیە دەستنیشان دەکرێت و پرسی سەرکۆماریش بابەتێکە کە پێوەندیدارە بە کورد و هێشتا بە تەواوی دیار نییە پارتی و یەکێتی لەسەریەک پاڵێوراوی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرکۆمار ساغ دەبنەوەیان نا.
دەستپێکی هەر هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق ئەوەیە سەرکۆماری نوێ هەڵبژێردرێت و بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتار رەوتە یاساییەکە دەست پێ بکات. لە ماوەی رابردوودا پارتی و یەکێتی زیاتر لە هەر کاتێکی دوای هەڵبژاردن، لەیەکتر نزیک کەوتوونەتەوە و ئومێد هەیە ئەم دوو پارتە لەسەر یەک کاندید ساغ ببنەوە.
لە کۆبوونەوەی دووی تەمووزی سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین ھەنگاو و گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کراون و سەرۆک بارزانی بە راشکاوی گوتی ھەموو پێداگریی و ھەوڵی پارتی لە پڕۆسەی دوای هەڵبژاردن بۆ ئەوە بووە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان خزمەتی سەقامگیریی و گوزەرانی ھاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکان بکات.
هەروەها باسی لەوە کرد کە کورد خاوەنی دۆزێکی رەوایە و دەبێت گرفتەکان لە رێگەی پابەندبوون بە دەستوور و رەچاوکردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن چارەسەر بکرێت و ئەم پڕەنسیپانە دەبێت لەسەر کاری حکوومەتی داھاتوو و ھەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان رەنگ بداتەوە.
پارتی وەک لایەنێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان و خاوەنی ٣١ کورسی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێوەندیدایە و پێداگری لە جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەکات.
لە لایەکی ترەوە یەکێتیش لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی تری عێراق بە تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەپێوەندی و دانوستاندایە و هێشتا بە وردی دیار نییە درێژە بە هەمان سیاسەتی رابردووی دەدات کە بە زیانی هەرێمی کوردستان بوو، یان بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی دەستور و مافەکانی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی تر بەیەک گوتار و داواکاری نیشتمانی دەچێتە بەغدا و دەکەوێتە دانوستان.
ماوەیەکە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دانوستاندان بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە و رۆژی یەکشەم سێی تەمووز، داخل حەمداوی یەکێک لە رێبەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشکرای کرد لە دوای جەژنی قوربان کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری دەکرێت و بە پراکتیکی هەنگاو بۆ پێکهنێنانی حکوومەت دەنێن. هەرچەندە گومان دەکرێ ئەو لایەنانەش لە پۆستی سەرۆک وەزیران تووشی ناکۆکی و پەرتەوازەیی بن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدریش رای گەیاندووە هەینی داهاتوو نوێژی هەینیی لە ژێر ناوی وەحدەت و یەکێتی بەڕێوە دەبات و دیار نییە چ پلانێکی سیاسی لە پشتی ئەو هەنگاوانە هەیە و رێ بە رەکابەرەکانی دەدات وا بە ئاسانی حکوومەتەکەیان پێک بهێننیان نا.
بە بڕوای چاودێران و شارەزایانی سیاسی عێراق، پێدەچێت ململانێ و نانکۆکیە سیاسیەکان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدار و شەقام لەو قۆناغە تازەیەدا بەکار بهێنرێت، کە بە بڕوای ئەوان دۆخەکە بگات بەوە چیتر لە کۆنتڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانیشدا نامێنێنێت و بە ئاسانی دۆخەکە تەنانەت وەک بەر لە هەڵبژاردنی پێش وەختەشی لێ نایەتەوە،

ھەواڵی زیاتر