مەهدی شوشتەری، سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی بە کوردستان24ی رایگەیاند، 30 کۆمپانیای ئێرانی لە بوارەکانی ئایتی، پزیشکی و کشتوکاڵی لەگەڵ زیاتر لە 100 بازرگانی هەرێمی کوردستان بەشداری دیداری “بی تو بی” دەکەن، بەو ئومێدەی زەمینەیەکی لەبارە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بڕەخسێنن.
شوشتەری گوتی: ئەمڕۆ 30 کۆمپانیای سەر بە دانش بوونیانی ئێرانی هاتوونەتە سلێمانی و لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری “بی تو بی Business-to-Business” دەکەن، کۆمپانیاکان لەبوارەکانی ئایتی، پزیشکی و کشتووکاڵی ئامادەن و نوێنەرایەتی 10 هەزار کۆمپانیای پێشکەوتووی ئێران دەکەن، کە زیاتر لە 100 بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمە بەشداری دیدارەکە دەبن.
گوتیشی: سبەیش لە سلێمانی سەنتەری بازرگانیی و تەکنەلۆژیای ئێرانی دەکەینەوە، کە دەبێتە شەشەمین سەنتەری تەکنەلۆژیای ئێران لە دەرەوەی وڵات، هەڵبەت کردنەوەی سەنتەری بازرگانی و تەکنەلۆژیای ئێرانی لە سلێمانی دەتوانێت هۆکارێکی باش بێت لە فراوانکردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لە نێوانی ئێران و هەرێمی کوردستان.
“بی تو بی”، جۆرێکی بازرگانییە، كورتكراوهی “Business to Business”ـه، كه بریتییه لهو گرێبەستانە یان کارانەی لە نێوان کۆمپانیاکاندا روودەدەن، به تایبهت کڕین یان دانووستان لەسەر پێداویستییەك لە کۆمپانیایەکدا لهخۆدهگرێت، کە کۆمەڵێک کرێکار تێیدا بەشدارن.