جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین: ٣٥ گوند لە خانەقین چۆڵ کراون کە کوردنشین بوون

بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، دەڵێ، تەعریب بە شێوازی جیاواز لە ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە دەچێت، دەیان ھەزار خێزانی عەرەب ھێنراونەتە ناوچە کوردستانییەکان و حکوومەتی عێراق نایەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات. دەشڵێ، تا ئێستا ٣٥ گوندی ناوچەکە ھیچ کوردێکی تێدا نەماوە و بە تەواوەتی چۆڵکراون، مەترسی چۆڵبوونی دەیان گوندی دیکەش ھەیە.

تەعریب سیاسەتێکە تا ئێستاش نەبڕاوەتەو و بەردەوامە، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر دەستیان واڵا بووە، ئەوەش بۆ نەمانی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکان، ئێستا تەعریب بە چەند شێوازێک دەکرێت، واتە بەناوی جیاجیاوە پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، ھەندێک جار بەناوی گرێبەستی کشتوکاڵی و ھەندێک جار بەناوی تر، پارتی وەک مەرج بۆ بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو چارەسەری ماددەی ١٤٠ی خستووەتە بەردەم چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، بەڵام ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ چارەسەر، لەبەر ئەوەی پێشتریش لەگەڵ نووری مالیکی و حەیدەر عەبادیش لەسەر ئەو بابەتە ڕێککەوتبوون و جێبەجێ نەکرا، ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا زۆرترین ڕێژەی عەرەبی شۆڤێنی بەمەبەستی گۆڕینی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە فۆرمی خۆراکیان بۆ کراوە و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی شۆڤێنییەکان ئاوەڵاتر بووە.
جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، بە “ھەولێر”ـی گوت: “ڕۆژبەرۆژ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەر شاڵاوی بە عەرەب کردن دەکەون، ڕۆژانە بە دەیان خێزانی عەرەب دەھێنرێنە ناوچە کوردستانییەکان و حکوومەتی عێراق نایەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، بۆیە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ سیمایان بە جۆرێک شێوێنراوە کە کوردستانی بوونیان پێوە دیار نەماوە، ئەمە لە کاتێکدایە تەعریبی ئێستا لە ھی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ و ڕژێمی بەعس خراپترە، بێ ئەوەی ڕێگریان لێ بکرێت بە ئارەزووی خۆیان عەرەب لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێننە ناوچە کوردستانییەکان.
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، دەشڵێ: “پێویستە سەرکردایەتیی کورد بە یەکھەڵوێست و یەکگرتوویی ڕووبەڕووی تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان ببێتەوە و کۆتایی بەو پێشێلکارییە بھێنێت، ئەگەرنا ئەوەی ھەشە لە دەست دەچێت، چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر شاڵاوێکی تەعریب دەستی پێکردووە لە ناوچەکانی خانەقین، مەندەلی، جەلەولا و سەعدیە، تا ئێستا ٣٥ گوندی ناوچەکە ھیچ کوردێکی تێدا نەماوە و بە تەواوەتی چۆڵ کراون، مەترسی چۆڵبوونی دەیان گوندی دیکەش ھەیە.
جەعفەر شێخ مستەفا، ئاشکراشی کرد: “دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆربەی خاکی کوردستان تەسلیم بە عەرەب کراوە، ئەوانە ئێستاش دەرفەتیان ھەبێت شوێنەکانی دیکەش داگیر دەکەن، چونکە ئێستا عەرەب ھەموو تەرکیزیان لەسەر ناوچە کوردستانییەکانە.
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، ڕوونی کردەوە: “دادوەری دادگای خانەقین عەرەبە و ڕۆژانە بەلێشاو عەرەبی ھاوردە دەچنە بەردەم دادگا و کاریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی کورد داگیر بکەن، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستماندایە تەنیا لەو ماوەیەدا ١٠ ھەزار خێزانی عەرەب سەردانی دادگای خانەقینیان کردووە و ئاسانکاریان بۆ کراوە بۆ ئەوەی موڵک و ماڵی کورد داگیر بکەن.
جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، زیاتر گوتی: “باشترین چارەسەر بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئەوەیە بەغدا ماددەکانی دەستوور جێبەجێ بکات، بەڵام ھەر ماددەیەکی دەستووری کە لە بەرژەوەندی کورد بێت عێراق جێبەجێ ناکات، بارەگاکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی پێش١٦ی ئۆکتۆبەر، بەوە دەتوانن بارودۆخی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەن، ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەو کوردانەی لەو ناوچانە ماون چۆڵ دەکەن، لە ناوچەکانی گەرمەسێر، جەلەولا، قەرەتەپە و جەبارە کە کوردی زۆری تێدایە ھەموو بۆتە وشکە ساڵی، ئەوەش بۆ ئەوەیە کورد لەو ناوچانە نەمێنێت، ئەوەش ھەموو حەشدی شەعبییە وا دەکات بەس بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانە نەمێنێت و عەرەبی ھاوردە بێنە ناوچەکانی ئەوان، لەگەڵ ئەوەی لە خانەقین و دەوروبەری یەک کورد نەماوە کە دەستەڵاتی بە دەستەوە بێت و لە نەتەوەکانی دیکە لە شوێنی ئەوان دانراون”

ھەواڵی زیاتر