بەپێی ماڵپەڕى “Al-Monitor”، ئیسرائیل هەوڵدەدات پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەیمانی “ناتۆ” پەرەپێبدات لە پشت جوگرافیاوە لە رێگەى پێشکەشکردنى داهێنانى تەکنەلۆجی و تواناکانى کۆکردنەوەى هەواڵگریى وەک بنەمایەک بۆ پەیوەندییەکی توندوتۆڵتر. ئەمەش لە رێگەى بەرجەستەکردنى چەمکی ئەو ستراتیجییەتە نوێیەی کە “ناتۆ” پەیڕەوی دەکات لەگەڵ وڵاتە نائەندامەکانی وەکو ئیسرائیل. دەرئەنجامیش دەبێتە مایەى ئەوەى سوود بە ئیسرائیل بگەیەنێت و ئەو هاوبەشییەش گەشە بکات.
پێشتریش، ناتۆ نەخشەرێگایەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە زنجیرەیەک چاکسازیی. لەناویشیدا ئاماژەدان بە هەرەشە تەکنەلۆجییە سەرهەڵداوەکان (وەک سایبەر، زیرەکیی دەستکرد و بڵاوبوونەوەی تیرۆری جیهانی). بۆ ئەم مەبەستەش ئەو هاوپەیمانێتییە پێویستی بە کۆمپانیا تایبەتەکان دەبێت. بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەى کە هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانى تەکنەلۆجیای دوو لایەنە (Dual Use Technology)، مەبەست لێی ئەو تەکنەلۆجیایانەیە کە بۆ لایەنى مەدەنی و سەربازیی دەتواندرێت بەکاربهێندرێن لەم بوارەشدا ئیسرائیل لێهاتوویی خۆیی سەلماندووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسرائیل بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییە. ئەمەش دەبێتە هۆکارى سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگریی و کەرتى تایبەتی ئیسرائیل. هاوکات لە رێگەى ئەو هاوپەیمانێتییەوە دەوڵەتى ئیسرائیل دەتوانێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتە دیموکراسییەکان و وڵاتەکانى دەریای ناوەڕاست بەهێز بکات لەناوشیاندا تورکیا.