پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی حوزەیرانی 2022، محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان بڕیارە بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ لیژنەی وەبەرھێنان و ئاوەدانكردنەوە تاووتوێی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان بكات.

زاھیر خەیلانی بریاردەری لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرھێنان رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكەمان میوانداری سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان دەكات کە بڕیارە کاتژمێر 11 بێتە پەرلەمان.

ناوبراو گوتیشی: “لە كۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دروستكردنی 20 ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێچیان دەكەین، بزانین كەی و چۆن یەكەكان دروستدەكرێن و میكانیزمی دابەشكردن و پێشینە و نرخیان چۆنە، چۆن بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشدەكرێن، ئێمەش وەك لیژنە تێبینی و بۆچونی خۆمان لەبارەی یەكەكان دەدەینە دەستەی وەبەرھێنان”.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کرێچی و کەمدەرامەت دروست بکرێت، ئێستا دەستەی وەبەرهێنانی بەشێوەیەکی ئۆنلاین پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە خستووەتە بەردەستی هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە بنێرن.