کشتوکاڵی هەرێم لە وەرزی پێگەیشتنیدا هەناردەی دەرەوە دەکرێت

کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان مێژویەکی دێرینی هەیە و لەبەر خاکە بەپیت و کەشوهەوا لەبارەکەی، هەر لە کۆنەوە لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا کاری کشتوکاڵی کراوە.

كەرتی كشتوكاڵ كەرتێکی گرنگە لە ئابووری وڵات چونكە خۆراك بۆ زۆرینەی دانیشتوان دابین دەكات و هەروەها دابینكردنی پێداویستیەكانی كەرتی پیشەسازیش پشت بە كەرەستەی خاوی كشتوكاڵی دەبەستێت و، دەستی كاركەر و کرێکاری خۆیی لە خۆ دەگرێت كە ئەمەش داهاتێکی بەرچاو بۆ خەڵکێکی زۆر پێک دێنێت. جا كشتوكاڵ کەرتێکی هەرە گرنگی ئابوورییە؛ بڕبڕەی پشتی داهاتی نەتەوەییە و پشتی پێ دەبەستریت بۆ دابینكردنی خۆراك و رۆڵیكی گرنكی لە ئاسایشی خۆراكدا هەیە.
مێژوو شایەتە كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستانەوە سەری هەڵداوە و دواتر چووە بۆ باشوری ئێراق و دەوڵەتە دراوسێکان. كۆنترین شوێنی كشتوكاڵ كە ناسراوە لە جیهان ئەشكەوتی زرزی لە پارێزگای سلێمانی و ئەشكەوتی باڵی كۆڕا لە چەمچەماڵ و گوندی زاوی چەمی نزیك ئەشكەوتی شانەدەر كە كۆمەڵێک خانووی قوڕی لێ دۆزراوەتەوە كە كۆنترین خانوون كە مرۆڤی كۆن دروستی كردبێتن و ئامێری كشتوكاڵیشی لێ دۆزراوەتەوە.
كشتوكاڵكردنی گەنم و جۆ لە گوندی چەرمۆ كە دەكەویتە خۆرهەڵاتی شاری كەركوك بۆ (٨٠٠٠) ساڵ پ.ز دەگەریتەوە، هەروەها لە ناوچەی(عەقیر) لە باشوری شاری بەغدادا هەندیك ئامیری كشتوكاڵی وەك (دارس و گاسن) دۆزراوەتەوە كە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی كۆیلە واتە (٥٠٠٠) ساڵ پ.ز.
ئەوسا زوو جووتیار بە هێز و بازوی خۆی و هەندێکجاریش بە بەکارهێنانی ئاژەڵ، کاری کشتوکاڵی جێبەجێ دەکرد بەڵام ئێستاکە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا و لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا بوونی چەندین ئامێری کشتوکاڵی وەکو ئامێری کێڵان و ئاودان و زۆر شتی تر کاری کشتوکاڵیان ئاسانتر کردووە و بەرهەمیشیان زیاد کردووە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆری جووتیاران گەڕانەوە سەر کاری کشتوکاڵی، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی کشتوکاڵ، وەک ئامێری ئەلیکترۆنی ئاودان، کە رێژەی کەمتری ئاو بەکار دێت، کاری کشتوکاڵی بۆ جووتیاران ئاسانتر کردووە.
خەسرەو مامەند، پسپۆڕی کشتوکاڵی پێی وایە، ئەگەر جووتیاران بەو شێوازەی کە ئێستا هەیە زیاتر سیستەمی نوێ و ئامێرەکان بەکار بهێنن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەم بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتربێت و هەمیش لە رووبەرێکی کەم بەرهەمێکی زۆریان هەبێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نوێیەکانی کشتوکاڵ؛ ئامێری مەرەشە، قەترە ،دڵۆپاندن و چاودێری چری بەرووبوومەکان، بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، ئەمساڵ بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان رێژەیان بۆ نزیکەی ٣٠٪ زیادیان کردووە.
ئێستاکە ساڵانە لە وەرزى پێگەیشتندا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پێداویستى ناوخۆیى زیاتر دەبن، بۆیە هەوڵ دەدرێت ئەو بەرهەمانە ڕەوانەی دەرەوە بکرێن بۆ ئەوەى جووتیاران زەرەمەند نەبن.
گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێم، راگەیاند: “وەزارەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەى بازاڕ بۆ بەروبومى جوویتارانى هەرێمی کوردستان چونکە لە وەرزى پێگەیشتنیان ئەو بەرهەمانە لە پێداویستى ناوخۆ زیاتر دەبن، جگە لە هەناردەکردنیان بۆ پارێزگاکانى ئێراق حکوومەت لە هەوڵدایە ئەو بەروبوومانە رەوانەى دەرەوەى هەرێمی کوردستان و ئێراق بکرێت”.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد” جگە لە حکوومەت چەند کۆمپانیایەکیش ئامادەیییان دەبڕیوە بۆ هەناردەکردنى ئەو بەروبوومەى کە لە وەرزى پێگەیشتنیاندا لە پێداویستى ناوخۆیى زیادن، تا هەناردەى دەرەوە بکرێن.”

ھەواڵی زیاتر