ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تێکڕای دەنگ عەنکاوە و پیرمامیان کردە قەزا

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبۆوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگ عەنکاوە و پیرمامیان بە فەرمی کرد بە قەزا.
ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بوو بۆ بە قەخزا کردنی هەر یەک لە پیرمام و عەنکاوە.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی ڕەشید، بەشدارییان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کرد، عەلی ڕەشید لەسەرەتای کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: “لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێردا دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ھەردوو ناحیەی پیرمام و عەنكاوە درا كە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری لێ دابوو و پێشنیازی كردبوو ڕێكاری یاسایی بگرینە بەر و ئەمڕۆ ئێمەش ڕێكارە یاساییەكانمان تەواو كرد و لە كۆی ٢٧ دەنگ، سەرجەمیان دەنگیان بەو بڕیارە دا، بۆیە ئەمڕۆ ھەردوو ناحیەکە كرانە قەزا و لێرەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵكی ئەو دوو دەڤەرە دەكەین”.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەکە ڕۆژنامەوانیەکەدا گوتی؛ ھاتووین سوپاسی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا بكەین، دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەردانی عەنكاوەی كرد، فەرمانی كرد لەپێناو جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و كارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان لە كاروباری فەرمانگەكانی حكوومەت عەنكاوە ببێتە قەزا، چونكە عەنكاوە یەكێك لە شانازییەكانمانە و دوای ئەوەش جارێكی دیكە فەرمانی كرد لەپێناو گرنگیی ناحیەی پیرمام، كە فراوانە و بەشێكی زۆری ھاووڵاتییان بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان لە دەوروبەری ھەولێر دەچوونە شەقڵاوە و ئەوكات دەھاتنەوە ھەولێر، بۆیە ئێمەی ڕاسپارد ڕێكاری یاسایی بگرینە بەر بۆ ئەوەی عەنكاوە و پیرمام ببنە قەزا و ئێمەش پێشكەشی ئەنجوومەنمان كرد و ئەوانیش ئاراستەی لیژنەی پەیوەندیداریان كرد و ڕێوشوێنیان گرتە بەر و دیراسەیان كرد و ڕەزامەند بوون و ڕاپۆرتیان لەسەر ئامادە كرد، كە ئەمڕۆش دەنگیان لەسەر دا بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بوو”.
ئەوەشی گوت؛ ئەو كارە لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بووە و پێشتر سۆران و زاخۆ كرانە ئیدارەی سەربەخۆ، پرسیاریش دەكرێت كە چەند شوێنی دیكە دەبنە قەزا و ئێمەش لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت لە خزمەت ھاووڵاتیاندا دەبین، بۆیە سوپاسی ئەنجوومەن دەكەین و ھیوادارین لە پشتیوانیكردنی ئێمە بەردەوام بن، چونكە ئەوان پەرلەمانی ھەولێرن بۆ چاودێریكردنی حكوومەتی خۆجێیی و بۆ ئەو كاروبارانەش كە كراون، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەشدار دەبین، كە چیمان كردووە و گوێ لە ڕای خەڵك دەگرین و ھەوڵ دەدەین خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و بەردەوامیش دەبین”.

ھەواڵی زیاتر