فرە ژنی واتا پیاوێک لە یەک کاتدا لە خێزانێک زیاتری هەبێت، لە ڕووی ئاینی ئیسلامەوە ڕێگە دراوە بە پیاوان کە لە ژنێک هەتا چوار ژن بهێنن لە یەک کاتدا، بەڵام لە ڕووی ئاینییەوە چەند مەرجێکی بۆ دانراوە وە لە چەند حاڵەتێکی جیاوازدا. ئەمەش بابەتێکەلە نێوان ئایین و کلتور و دادپەروەریدا دەخولێتەوە، ئاینی ئیسلام ڕێگەی بە پیاوان داوە بۆ هێنانی ژنێک یان زیاتر، بەڵام ئەمەش لە ژێر چەند هەلومەرجێکدا یەکێک لەو مەرجانە توانای مادی باش بێت و بتوانێت بە باشترین شێوە بەخێویان بکات، ئەمە تا ڕادەیەک ڕەچاو کراوە یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە دادپەروەربێت، بەڵام لە ڕووی دادپەروەری و پێدانی هەست و سۆز و خۆشەویستی ناتوانێ بە هیچ
شێوازێک دادپەروەر بێت چونکە هیچ دادپەروەریەک لە فرە ژنیدا نییە.
ژیانی هاوسەرگیری دەبێت لە ژێرچەتری خۆشەویستی و ڕێزدا بێت ئافرەتێک و پیاوێک خێزان پێکدەهێنن و دەبنە خاوەنی منداڵ دەبێت هەوڵی خێزانێکی یەکگرتوو پڕ لە خۆشەویستی بدەن نەوەک کەسێکی تر هاوبەش بێت لەو ژیانەدا، کاتێک کەسێکی تر بە هەر ڕێگایەک و بەر پاساوێک دێتە ناو ئەم خێزانە دەبێتە هۆی دروستبوونی لێکتێنەگەشتن و لەتکردنی ئەم خێزانە و تێکدانی چەتری خۆشبەختی خێزانەکە، لەبەرئەوە ئەبێ خێزان یەکگرتوو بن و نەهێڵن کەسێ سێهەم هەبیت لەو نێوەندەدا. وەک چۆن پیاوان هەست بە ئیرەیی دەکەن و دەیانەوێ خێزانەکانیان تەنها بۆ خۆیان بن ئافرەتانیش بەهەمان شیوە بگرە ئافرەت هەستی ئیرەیی زیاترە لە ژیانی هاوسەرییدا ئەم کارەش ستەمکردنە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی خێزانی یەکەمت. زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بابەتی فرەژنی دەگەڕێتەوە ئەوانەی لە خێزانێک زیاتریان هەیە بێگومان منداڵەکانیشی لە دایکی جیاواز دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی نانەوەی دوو بەرەکی لە بەینی منداڵەکاندا و سەیرکردنی یەکتری بە نامۆیی زۆر جار دەبێتە هۆی دروستکردنی ڕقێک لە دڵی منداڵەکاندا بەرامبەر بە خێزانەکانی تری باوکیان، یان دروستکردنی ڕقێک لە دڵی ژنەکان بەرامبەر بە یەکتری و منداڵەکانی تر ئەم ڕقەش تۆڵەسەندنەوەی لێ دەکەوێتەوە دەرئەنجامەکەی ڕەنگە بە کارەسات
کۆتایی بێت.
دروستکردنی لە خێزانێک زیاتر بۆ سەردەمی ئەمڕۆمان هیچ گونجاو نییە، چونکەـئێستا کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، فرەژنیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وە پێشێلکردنی مافی ئافرەتانە، ئەنجامدانی ئەم کارە لە ئیستادا بەپێی یاسای باری کەسێتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵە مەرجێکی زۆر قورسی بۆ دانراوە کە زۆر کەم کەس دەتوانێت ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات بۆ نموونە لەو مەرجابە دەبێت لەبەردەم دادگادا ڕەزامەندی ژنی یەکەم وەربگیرێت، تووشبوونی ژنه كه به نه خۆشییه كی درێژخایه نی سه لمێندراو كه ڕێگه له كاری سه رجێی بگرێتو ئومێدی چاكبوونه وه ی نه بێت یاخود توانای منداڵبوونی نه بێت لەگەڵ کۆمەڵێک مەرجی تر، و لە بەشێکی تری یاساکەدا هاتووە کە هەر پیاوێک بەبێ هەبوونی مەرجەکانی ئەم یاسایە گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ژنێک زیاترهەبێت ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانی کردنی لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت و غەرامە دەکرێت بە بڕی (١٠) ملیون دینار، بەڵام بە داخەوە زۆر جار بە نهنێنی و بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دادگاکان تەنها لای مامۆستایەکی ئاینی ژنی دووەم مارە دەکەن یان زۆرجار بە فشاری هێز یان ماددی ژنی یەکەم بێدەنگ دەکه ن و لە دەرەوەی هەرێم ژنی دوووەم مارە دەکه ن، زۆرجاریش هەر بە نه ێنی بەبێ ئەوەی ژنی یەکەمی ئاگادار بێت ژنی دووەم مارە دەکه ن، بێگومان کە ئەمەش ئاشکرابوو کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
هۆکاری ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پیاوان کۆنترۆڵی حەز و ئارەزوەکانی خۆیان پێ ناکرێت وە پاساو ئەهێننەوە بەوەی ئاینی ئیسلام ڕێگای پێداون، لە ژێر ناوی ئایین بەبێ هەبوونی هیچ مەرجێکی ئاینی ئەم کارە ئەنجام دەدەن و ستەم لە ژنی یەکەمیان دەکەن، لە پێناو حەزە کاتیەکانی خۆیان منداڵەکانیان دەکەنە قوربانی و دەبنە هۆکاری دروستبوونی کێشەی خێزانی گەورە لە نێوان منداڵەکانیان لە داهاتودا. وە زۆرجار لەگەڵ ئافرەتانی زۆر منداڵتر لە تەمەنی خۆیان هاوسەر گیری دووەم
دەکەن ئەمەش تەواو پێچەوانەی یاساکانە و ئیهانەیەکە بۆ خێزانی یەکەمیان و بە نا ڕاستەوخۆ دڵێت تۆ تەمەنت هەڵکشاوە و من هەستم بۆت نەماوە ئێستا کچێکی گەنج تر و جوانترم دەوێت هەر ئافرەتێکیش ڕازی ببێت بەوەی مێردەکەی ژنی دووەم بهێنێت واتا ئەم ئیهانەیەی قوبوڵ کردوە، وە هەروەها ئەمەش یەکێکی تر لە کێشەکان کاتێک جیاوازیەکی زۆری تەمەن هەبێت لێک تێگەشتن و گونجاندن زۆر قورس تر دەبێت ئەمەش دووبارە دەبێتە هۆی زیاد بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، بۆیە داواکاریم لە هەموو هاوڵاتیەک ئەوەیە کە لە ئەنجامدانی ئەم کارە دوور بکەونەوە و بیر لە داهاتووی
منداڵ و خێزانەکەیان بکەنەوە.
previous post