خەدیجە عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان:پەرلەمان یاسای نەوت و گاز هەموار دەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانتارێکی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان بۆ دوو مانگ دەکەوێتە نێو پشوو، بەڵام ئەگەر پرۆژە یاسایەکی گرنگ ھاتە پەرلەمان، یان کێشەیەک ھەبوو، پەرلەمان دەتوانێت کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدات. گوتیشی:” لەم خولەدا بە دەیان پرۆژەی گرنگ لەلایەن حکوومەتەوە نێردراون و لە پەرلەمان پەسەند کراون و کەوتوونەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرنامەی کابینەی نۆیەم زۆر بەرێکوپێکی جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارە بەپێی بەرنامەی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ژمارە ٧ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی چوارەم لە ‌خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٢/٦/٢٠٢٢ بەڕێوەبچێت، بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە چەند پرۆژە یاسایەک ھەموار دەکرێنەوە، لەوانەش، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، یاسای نەوت و گاز، لەگەڵ دەنگدان لەسەر ژمارەیەک پێشنیاز و پڕۆژەیاسا.
بەپێی ماددەی چواری یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی ھەرێمیی نەوت و گاز پێکدێت لە “سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران – سەرۆک، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران – جێگر، وەزیرانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و پلاندانان بە پلەی ئەندام.”
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ٨دا لە رۆژی ٦/ ٨/٢٠٠٧ یاسای ژمارە ٢٢ی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی پەسند کرد کە لە ٦١ ماددە پێکدێت و ئەگەر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، یەکەمجارە کە یاساکە ھەموار دەکرێتەوە، بەپێی ھەموارە نوێیەکە کە لەلایەن حکوومەتەوە نێردراوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی بۆ زیاد دەکرێت و دەبن بە شەش کەس.
خەدیجە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا دوو وەرزی یاسادانانی ھەیە، وەرزی بەھارە و وەرزی پاییزە، بۆ ھەر وەرزێکیان چوار مانگ کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و دوو مانگیش پشوو دەبن، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە ٣٠ـی حوزەیرانەوە وەرزی یاسادانانی بەھارە کۆتایی دێت و پەرلەمان کۆبوونەوەکانی رادەگرێت تاوەکو ١ـی ئەیلوول، کەواتە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پاش چەند رۆژێکی دیکە پەرلەمان دەکەوێتە ناو پشوو، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بۆ مانگێک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر کێشەیەک ھەبێت، یان پرۆژە یاسایەکی گرنگ لەلایەن حکوومەتەوە نێردرایە پەرلەمان، دەتوانێت کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدات.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان، روونیشیکردەوە:” ھەر پرۆژە و پشنیازێک ھەبێت و ھاتبێتە پەرلەمان پەسەند کراوە، ئەوانەی ماون ئەوانیش لە داھاتوودا پەسەند دەکرێن، بۆ نموونە یەکێک لەو پرۆژانەی پەسەند کراوە و بۆتە یاسا، یاسای چاکسازی بوو، کە لە ساڵی٢٠٢٠ پەسەند کرا، ھەروەھا یاسای رێگری کردن لە زێدەڕۆی کە یاسایەکی گرنگ بوو بۆ ھاووڵاتییان، ھەروەھا یاسای پاراستنی ئاو، لەسەر نەوتیش پرۆژە ھەبووە و پەسەند کراوە و بۆتە یاسا، ئەوەش گرنگی خۆی ھەبووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەت زۆر بەباشی بەرنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ دەکات.
کۆبوونەوەی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن، کە بڕیارە رۆژی ١/٧/٢٠٢٢ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دوایەمین دەرئەنجامی گفتوگۆی لایەنەکان بخاتەروو بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان پرسەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن و وادەی نوێی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن خرایەروو، ھەر لەسەر ئەو بابەتە ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان، گوتیشی:” بۆ ھەڵبژاردن بڕیار دراوە لە دەرەوەی پەرلەمان ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، بۆیە ھەر کاتێک لایەنە سیاسییەکان گەیشتنە رێکەوتن پرۆژەکە دێتە پەرلەمان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەنگی لەسەر دەدرێت، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر