کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای باتۆفە چارەسەردەکرێت 

لە رێگەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیەوە کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای باتۆفەی ئیدارەی زاخۆ چارەسەر دەکرێت و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، پڕۆژەی ئاوی باتۆفە ٨٠%ی تەواو بووە و مانگی ئابی داھاتووش ئاو لە خابووری زاخۆ دەگاتە سەنتەری قەزای باتۆفە.

فەرھاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتۆفە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “کێشەی کەمئاوی لە قەزای باتۆفە ٨٠%ی چارەسەر کراوە، ئەوەی ماوە لە رێگەی راکێشانی پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئاو بۆ سەنتەری قەزای باتۆفە چارەسەر دەکرێت، پڕۆژەکە لەژێر جێبەجێکردنە و ئاوی خواردنەوە لە رووباری خابووری زاخۆ دەگەیەندرێتە قەزای باتۆفە و لە رێگەی گوندی گوڤکە ئاو دەگەیەندرێتە خەزانەکانی باتۆفە و دابەشی سەر ھاووڵاتیان دەکرێت”.

قایمقامی باتۆفە گوتیشی: “پڕۆژەی ئاوی باتۆفە ٨٠%ی تەواوبووە و بە گوژمەی شەش ملیار دینار لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و بەپێی کاتی پڕۆژەکە لە مانگی ئابی داھاتوو تەواو دەکرێت”.

فەرھاد مەحموود روونیکردەوە: “جگە لە راکێشانی ئاو بۆ سەنتەری قەزا، دەست بە گۆڕینی بۆڕی گواستنەوەی ئاو لەناو گەڕەکەکانی قەزاکە کراوە و ھەموو بۆڕی کۆنەکان دەگۆڕدرێن، چونکە بەشێک لەو بۆڕیانە لە ساڵانی ١٩٧٠ دانراون و بەھۆی کۆنی بۆڕیەکان کێشەی ئاو پەیدابووە”.

ھەواڵی زیاتر