هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ژیاندنەوەی پڕۆژەیەكی كلتووری

موزیكزانی ناوداری كورد “فەرید ئیلهامی” ئاوازدانەر، توێژەر، گۆرانیبێژ و ژەنیاری تەنبوور، لە گەورەترین پڕۆژەی هونەری خۆیدا دەیەوێت كە ئامێری ڕەسەن و كۆنی كوردی تەنبوور لە هەرێمی كوردستان زیندوو بكاتەوە.

موزیكزانی بەئەزموونی كورد “فەرید ئیلهامی” كە ئێستاكە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە لە گەورەترین پڕۆژەی هونەری خۆیدا، بە دامەزراندنی ماڵی تەنبووری “ئەیاز”، بە دیكۆمێنتكردنی مەقامە ڕەسەنەكانی كوردەواری تەنبوور، وانە گوتنەوە و فێركردنی گەنجانی كورد و هەروەها چەندین كاری هونەری بەنرخی دیكە، دەیەوێت كە ئامێری ڕەسەن و كۆنی كوردی تەنبوور لە هەرێمی كوردستان زیندوو بكاتەوە و خەڵكانی كورد، زیاتر ئاشنا و شارەزای ئەم ئامێرە ڕەسەنە بن.
ئیلهامی ماوەی ١٥ ساڵە كە سەبارەت بە ئامێری تەنبوور توێژینەوە دەكات و دەرئەنجامی ئەم توێژینەوانە ئەڵبوومی شانامەی كوردی بە ناونیشانی “مەقامی ئەفسانەكانی ٢” بە دەنگی هەرمانی مامۆستا “شەهرام نازری”، كتێبی “هەزارەی تەنبوور” و چەندین بەڵگە فیلمی كوردی وەكوو ئینسكلۆپیدیایەكی ئامێری تەنبوورە كە تا ئەم ساتە وەختە بە بیانووی جۆراوجۆروە بڵاونەبوونەتەوە و هیوادارە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی ماڵی تەنبووری “ئەیاز” لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لێ بكرێت و بخرێتە بەر دەستی هۆگرانی هونەری موزیك و ڕۆشنبیری كوردییەوە.

جێی ئاماژە پێدانە كە شانامە خوێندنی كوردی لەو مێلۆدییە ڕەسەن و ونبووە كوردیانەیە كە بە درێژایی سەدان ساڵ، تەمەنی هەیە.