هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی سازدەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش تاووتوێکردنی بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی بەنزینە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی حوزەیرانی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

– خستنەڕووی پوختەی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا.

– خستنەڕووی پووختەی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین.

– خستنەڕووی گرنگترین سەردێڕی ئەو چاکسازییانەی کە لەلایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم ئەنجامدراون.

– خستنەڕووی رەشنووسی نوێی بڕیاری تایبەت بە پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی کە پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تیایدا جێگیربوون لەبەر رۆشنایی ماددەی (3/چوارەم) لە یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 5ی ساڵی 2015).