گە‌شبینیی كاك مە‌سرور و ڕە‌شبینیی ئێمە‌

هاودەنگ فاروق

دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی دەزگا میدیاییەکانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ڕوون و ڕاشکاوی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا زۆر شت باس کرا. لە میدیاکانیش هەمووی بڵاو دەکرێتەوە؛ بۆیە من هیچ باس ناکەم، بەڵام هەندێ وتە و داواکاریی سەرنجڕاکێشی سەرۆکی حکوومەت هەبوو، کە داوای لێ کردین: پیشەیی و ڕاستگۆ و شەفاف بین. داواكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە دیوێک بۆ ئێمەی میدیاکار خەفەتبار بوو، چونكە دوای سی ساڵ، لە هەڵگرتنی ئەو چەمک و بەرپرسیاریەتیانەدا، لە ئاست ئەركە پیشەیی و پیرۆزەكەماندا، خەمسارد و بێباک بین. دوای سی ساڵ هێشتا نەمانتوانیبێ سنوورەكانی هێڵی سووری نیشتمانی ڕەچاوی بکەین و لەگەڵ سێ دەستەڵاتەكەی دیكەدا، دەستەڵاتی چوارەمی خۆمان بسەلمێنین و هاوبەشبین لە پاراستن و بەرپرسیاریەتیی ئەزموونی
کوردستان و ڕۆحی بنیاتنان و پێشکەوتنی هەرێمەکەمان.
دوای سی ساڵ کارکردنی ئازادانەی میدیای كوردی، دەبێ ئەو متمانەیە لە لایەن خەڵک و حکوومەت وەدەست بێنێتەوە، کە چیتر نەهێڵین میدیا ببێتە ئۆباڵی خوڵقاندنی جۆرێک لە فەوزا و قووڵکردنەوەی ناکۆکیی سیاسی و لێکترازان و مەترسی لە سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی بڵاوکرنەوەی ڕەشبینی، دەبێ ئەو پەڵە هەورە ڕەشە لەسەر خۆمان و بینەر و خوێنەری خۆمان لا بدەین، كە بەردەوام تۆمەتبار دەکرێت بە زاخاودانی ڕق و كینە و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و دڵساردكردنەوەی خەڵك و سووكسەرنجدانی لایەنە گەش و پێشکەوتن و گۆڕانکارییە ئیجابییەکانی کوردستان.
ئاخر میدیا بنەما و ڕێسا و سنووری ئیشی خۆی هەیە، میدیا چوارچێوەییەکی دیاریکراوی ئازادیی خۆی هەیە، بەرەڵایی نییە، ڕۆژنامەنووسیش وەک هەر ئینسان و سەنعەتکارێک بەرامبەر یاسا ئەرکدار و یەکسانە، ناكرێ چیتر ڕێگە بدرێت کەسانێک بە پۆشاکی ڕۆژنامەنووسییەوە هەم ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە، هەمیش ناوبانگ و میسداقییەتی میدیا بخەنە ژێر پرسیارەوە. ڕاستە میدیا دەبێ چاودێر بێت بەسەر دەسەڵاتەوە، بەڵام پاراستنی هێڵە سوورەكانی نیشتمان و نەتەوە ئەركی سەرشانی هەموو كەسە و بەزاندنی ئەو هێلانە و سووكایەتی بە ڕەمزەكان ناپاكییەكی گەورەیە، چونكە ئەوانە موڵكی تاكەكەس و تەنانەت دەسەڵاتیش نین.
ئێمە دەبێ بە پیشەی خۆماندا بچینەوە، پێویستە پێش ئەوەی بەرپرسانی حکوومەت لێمان بپرسن، ئەرێ ڕۆژنامەنووس کێیە و کێیە میدیاکاری بەرپرس و نابەرپرس؟ دەبێ بەر لەوە خۆمان بە واقیعی حاڵی خۆماندا بچینەوە، لە مەترسییەکانی سەر نیشتمان و ئەرکی خۆمان باشتر تێبگەین.
ئازادی میدیا شتێكی باشە، بەڵام تا ئەوێ باشە، كە سنووری پاراستنی ئاسایشی وڵات دەست پێ دەكات و ژیانی تاکی کوردستانی نەخاتە مەترسییەوە، تا ئەوی ئازادە، كە نەخشەوپلان ئەمنی و سەربازی وڵات فەشەل پێ نەهێنێ.
سەرۆکی حکوومەت داوای لێکردین ڕەخنە بگرین، بە باش باش بڵێن باش، بە خراپیش خراپ، بۆیە ئێمەی میدیاکار پێویستە میكانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ئەو شاڵاوانەش بین كە لە لایەن دوژمنانەوە دەكرێنە سەر دەروونی هاووڵاتییان و بێبەهاکردنی کارەکانی حکوومەتی خۆمان، نەك خۆمان ببینە بەشێك لەو جەنگە میدیایی و سایكۆلۆژییە. میدیا، نابێ ببێتە داردەستی هیچ لایەن و هێز و دەسەڵاتێك. میدیا دەبێ دەنگ و هاواری میڵەتەكەی بێت و ئەتەكێتی خۆی بپارێزێت.

ھەواڵی زیاتر