هەرچی خەمی ژیان هەیە
قەدەر كردی بە میوانم
هەنیسكی شەوانی درێژم
بووە بەخەندەی لێوانم
- * * *
چاوەڕێی شنەی دڵم مەكە
شەماڵی من ڕەشەبایە
ئاگری دڵی بێ ئامانم
زەمانێكە جۆش درایە - * * *
لە ڕۆژمێری لاویمدا
شادی ڕەت نەبوو بەلامە
لەنێو هەگبەی خەمی دڵم
سەدان پرسیار بێ وەڵامە - * * *
زۆر ڕۆیشتووم بەدەم گریان
لە بیابانی تەنیایی
بێ ئەنجام بوو هەڵرشتنی
ئەشكی سووری ماڵئاوایی - * * *
لەجێژوانی تاریكی شەو
ئێستاكەش هەر وەكو جاران
هەموو شەوێ بۆنی خەمم
ئەپڕژێنم بەسەر شاران - * * *
پڕ بووە لە بۆنی خەمم
ئەم وڵاتە گەرمەسێرە
وەك من دڵیان پڕ حەسرەتە
مانگ و هەزاران ئەستێرە - * * *
ئەم ڕۆژگارە بێ ویژدانەش
بەزەیی بەكەس دا نایەت
خودایە بۆ ڕۆژی دوایی
خۆت بۆ خەمم ببە شایەت