پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بڕیارى نوێ لەبارەى قەرزەكانی شارەوانی و ئاودا درا

بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزەكانی بواری شارەوانی، گەشتوگوزار، ئاو، شوێنەوار بۆ ماوەی 3 مانگ كە لەمڕۆوە دەستپێدەكات و تاوەكوو 20/9/2022 بەردەوام دەبێت، درێژ كرایەوە و هاووڵاتییانیش دەتوانن هەر ئێستا مامەڵەی سوودمەندبوون جێبەجێ بكەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە 15ی حوەزیرانی 2022 بەڕێوەچوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان بڕیاردرا بە درێژكردنەوەی بڕیاری لێخشبوونی قەرزەكانی حكوومەت، بە مەرجێك هاووڵاتییان لە ماوەی سێ مانگدا قەرزەكان بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە.
بەگوێرەی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران كە واژووی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، بڕیارەكەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كراوە بۆ درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی قەرزەكانی حكوومەت، بەشێكی ئەو بڕیارە پەیوەندی بە قەرزەكانی گەشتوگوزار، شارەوانی، ئاو و شوێنەوار هەیە و لە ڕێككەوتی 20/6/2022 دەستپێدەكات و تاوەكوو 20/9/2022 كاری پێدەكرێت، ئەم وادەیەش دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لەم ئاسانكارییەی حكوومەت و جارێكی دیكە درێژ ناكرێتەوە.
پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار، شوێنەواریان لە لایە، بەزووترین كات سەردانی فەرمانگەكان بكەن و دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بە هەموو شێوەیەك ئاسانكارییان بۆ دەكەن بۆ ئەوەی سوودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو سێ مانگە، ناتوانن سوودمەند بن و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.