بەشێکی پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە مافەکانیان بێبەشن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ دووشەم ٢٠ی حوزەیران ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە و، ئەو ڕۆژە بەوانە ناودێر کراوە کە لە دەستی شەڕ، تیرۆر و ستەم و کارەساتی تر هەڵاتوون و پەنایان بۆ شوێنێکی دیکە بردووە. خەڵکی هەرێمی کوردستان کە پێشتر تامی ئاوارەبوونیان چێشتووە، ماوەی چەند ساڵێکە بوونەتە پشت و پەنای ئاوارە و پەنابەرانی تر؛ هەرچەندە مافی پەنابەران تەنیا ئارامی نییە و پێویستە لانی کەمی مافەکانیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەشێکی پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە مافەکانیان بێبەشن و نە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاوڕێكیان لێ دەداتەوە و نە حکوومەتی عێراق مافەکانی ئینسانییەكانی دابین كردوون.

فیلیپ لۆکلێرک نوێنەری کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرای کرد، ژمارەی پەنابەر و ئاوارەکانی جیهان گەیشتووەتە ١٠٠ ملیۆن کەس کە زۆرترین ژمارەیە لەوەتەی دەست بە تۆمارکردنی ناوی پەنابەر و ئاوارەکان کراوە.
ئەو ئاماژەی داوە، گرنگترین هۆکار و پاڵنەری بوون بە پەنابەر پرسی ئەمنی و هەڕەشەیە بۆ سەر گیانیان و بۆیەش داوای لە وڵاتان کرد ئاسایش و ئارامی بۆ پەنابەران دابین بکەن. ئەو ئاماژەی داوە ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ڕۆژی پەنابەران دەکرێتەوە، کە جەنگێکی نوێ دەستی پێ کردووە و بەهۆی جەنگی ئۆکراینا سەرووی شەش ملیۆن کەس ئاوارە بوون.
لە عێراق لە ماوەی نزیک بە دوودەیەی ڕابردوودا بە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون. گرنگترین شەپۆلی ئاوارەبوون لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووی دا کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش سەری هەڵدا و بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێزدی و شارەکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
ژمارەی ئاوارەکان ماوەیەک دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاند و، لە شارێکی وەک دهۆک ژمارەی ئاوارەکان لە دانیشتوانی ڕەسەنی شارەکە زیاتر بوون. بەشێک لە ئەوان لە کەمپەکان و بەشێکی تر لە ناو شارەکان دەژیان. هێشتا بە سەدان هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون.
هەرێمی کوردستان لانەیەک بووە بۆ ئاوارەکان و پەناخوازان و لێقەوماوان چ بۆ ناوخۆی عێراق و چ بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئەو کوردانەی کە بەهۆی گوشاری سیاسی و لە ترسی گیانیان پەنایان بۆی هێناوە و لێرە گیرساونەتەوە.
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن و بە ئاوارەی ناوخۆیی ناسراون کێشەی هاووڵاتیبون و پاسپۆرت و مافەکانی تریان نییە بەڵام ئەوانەی تر بێبەشن لە پاسپۆرت و ناسنامە و بۆیەش لە بەشێکی زۆری مافەکانیان بێبەشن. ساڵی ڕابردوو کوردێکی پەناخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای Un لە هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و مرد و ڕێکخراوەکە ئاوڕی لە داواکارییەکانیان نەداوەتەوە و حکوومەتی عێراقیش لەبەر بەرچەسپی سیاسی ئامادە نییە هیچ شتێکیان بۆ بکات بۆیە ئەوا پەناخوازانەی دەرەتانێکیان هەیە بە قاچاخیش بێ هەوڵ دەدەن بە گرتنەبەری ڕێگای مەترسیدار بۆ دەرەوە کۆچ بکەن.
زۆربەی ئەو پەنابەرە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن لە ڕەگەزنامە و پاسپۆرت بێبەش کراون و تەنانەت بۆیان نییە ئۆتۆمبێلێکیشیان بە ناو بکرێ ئەوە جگە لەوەی کە منداڵەکانیان لە خوێندنی باڵا و کۆمەڵێک مافی تر بێبەش دەکرێن. هەندێک پەنابەر ٤٠ ساڵە لێرە لە هەرێمی کوردستان دەژین بەڵام لەو خاوەندارێتی ئەو مافانە بێبەشن.
رۆژی جیهانیی پەنابەران بۆیە دانراوە تا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ دۆخی پەنابەران ڕابکێشێت و ئاوڕێک لە کێشەکانیان و هۆکاری ئاوارەبوونیان بدرێتەوە.
ئەنجوومەنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠١ بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ٢٠ی حوزەیرانی بە ڕۆژی پەنابەران هەژمار کرد. ڕێکخراوەکە بەو بڕیارە دەیویست لە قۆناغی یەکەمدا ڕێز لە پەنجاهەمین ساڵڕۆژی کۆنڤانسیۆنی جنێف بگرێت کە بەرنامەی کاری کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بوو.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە تاک و دابینکردنی مافی مرۆڤ، هەوڵێکی چڕ درا بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و لە ساڵی ١٩٥١ بە فەرمی پەسند کرا. بە گوێرەی ئەو مافانەی دەستنیشان کراون نابێت هیچ مرۆڤێکی هەڵاتوو بە زۆر بۆ شوێنی خۆی بگەڕێنرێتەوە کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە یان ئازادییەکانی پێشێل دەکرێن. هەر لەو بەڵگەنامەیەدا کۆمەڵێک ماف بۆ پەناخوازان و پەنابەران دەستنیشان کراوە هەڵبەت ئەم مافە ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
مافەکە سەرەتا تەنیا بۆ پەناخوازانی ئەوروپا دەستنیشان کرابوو دواتر هەموار کرا و لە ساڵی ١٩٦٧ هەموو پەنابەرانی جیهانی گرتەوە. ئەو وڵاتانەی ئەو بڕیارەیان واژۆ کردووە ئەرکیانە شوێنی ئارام و پێداویستییەکانی ژیان بۆ پەنابەران دابین بکەن.
دوو جۆر کۆچی خەڵک هەیە کە یەکێکیان بە کۆچی ناچاری و ئەوەی تریان بە کۆچی سەربەستانە ناسراوە. هەندێک کەس بەهۆی کێشەی ئابووری یان گۆڕانکاریی کەشوهەوا یان دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچ دەکەن و لە لایەن هیچ مرۆڤێکی تر هەڕەشەیان لەسەر نییە.
بەشێکی تری کۆچبەران ئەوانەن کە بەهۆی کێشەی سیاسی و پێشێلکردنی ئازادییەکانیان و ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ژیانیان هەیە وڵاتی خۆیان بەجێ دەهێڵن و پەنا بۆ وڵاتێکی تر دەبەن. یاسا نێودەوڵەتییەکان داوایان لە وڵاتان کردووە پارێزگاری تەواو لەم جۆرە پەناخوازانە بکەن، بەڵام بۆ جۆری یەکەم وڵاتان سەربەست کراون پەناخوازەکان وەربگرن یان وەرنەگرن.

ھەواڵی زیاتر