لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە زوممار پێشمەرگە شانازیی تۆمار کرد

حەوت ساڵ لە مەوبەر لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٤ ناحیەی زوممار کە بەشیکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە لایەن رێکخراوی داعش داگیر کرابوو، لە ئۆپراسیۆنێکدا بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی رزگار کرا و ناحیەکە و تەواوی گوندەکانی کەوتنەوە دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و شانازی گەورەیان بۆ گەلی کورد تۆمار کرد.

وەک ئاشکرایە لە ١٠ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش مووسڵی داگیر کرد و لە ماوەیەکی کورتدا مووسڵ و بەشێک لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش. لاوازیی و کەمتەرخەمیی سوپای عێراق لە گرنگترین هۆکارەکانی رووخانی مووسڵ هەژمار کرا، ئەوکات سوپای عێراق هەڵاتن و چەکەکانیان جێهێشت، بێ ئەوەی بەرگری لە شارەکە بکەن رایان کرد. جبەخانەیەکی بەهێزی سوپای عێراق کە بە سەدان هامەڕ و چەکی سووک و قورسی تێدابوو کەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و ئەمەش زەمینەی بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە خۆش کرد ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پەرە پێ بدات.
تا دوو مانگییەکەم لە داگیرکرانی مووسڵ ئاراستەی هێرشەکانی داعش زیاتر رووی لە باشوور و ناوچە عەرەبییەکان بوو بەڵام دوای کەمتر لە دوو مانگ لەپڕ ئاراستەی هێرشەکانی داعش بەرەو باکور و شنگال و ناوچە کوردییەکان گۆڕا، بەهۆی ئەو چەکە قورس و بەهێزانەی کە لە ژێر دەستیاندا بوو، توانیان بەشی زۆری پارێزگاکە داگیر بکەن و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە ناوچەکە بهێننە کایەوە. داگیرکارییەکان جگە لە شنگال تەواوی ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکەی گرتەوە و زوممار و رەبیعە و زۆربەی ناوچەکان کەوتنە دەستی داعش.
ئەم دۆخە کارەساتبارە بە هیچ شێوەیەک لە لایەن پێشمەرگەوە مایەی قبووڵکردن نەبوو و بۆیەش هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان ئامادە کرد بۆ ئەوەی هێرشێکی تۆکمە و بەربڵاو لە ناوچەکانی باکوورەوە دژی داعش دەست پێ بکەن و هەوڵی رزگارکردنیان بدەن.
ئۆپڕاسیۆنی رزگارکردنی زوممار و ناوچەکانی تر لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە فەرماندەیی کرا و هەر زوو رەبیعە رزگار کرا و دوای ماوەیەک روویان لە ناحیەی زوممار کرد و دوای شەڕێکی قورس کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید بوون، داعش شکستی خوارد و لە رۆژی ٢٥ی تشرینییەکەمی هەمان ساڵ هێزی پێشمەرگە توانی زوممار بە تەواوی گوندەکانییەوە رزگار بکات.چەکدارانی داعشیش بەرەو خوارەوە رایان کرد و بەشێکیشیان لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کوژران. تیرۆریستان بۆیان دەرکەوت ئەوەی لە مەیدانی جەنگ دەیباتەوە تەنیا هێزی چەک نییە بەڵکوو ئیرادەی پۆڵایینە براوە دەستنیشان دەکات.
دوای رزگارکردنی زوممار زەمینە بۆ ئەوە خۆش بوو تا هێزی پێشمەرگە لە بیری ئەوە دابێت پلان بۆ رزگارکردنی شنگال و تەواوی ناوچەکانی تر دابڕێژێت.
ئەوەی لەو جەنگەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە هێزی پێشمەرگە تەنیا بە چەکی سووک رووبەرووی داعش بووەوە و لە کاتێکدا تیرۆریستانی داعش هامەڕ و چەکی قورسیان بەدەستەوە بوو. جگە لەیارمەتی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمان ئەوەی وای کرد هێزی پێشمەرگە بەسەر داعشدا سەربکەوێت و رایانماڵیت ئیرادەی پۆڵایینی هێزی پێشمەرگە بوو بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی.
پێویستە بگوترێ زۆربەی دانیشتووانی زوممار کوردن و لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ زاخۆ، لە باشوورەوە لەگەڵ شاری تەلەعفەر و لە باشووریڕۆژئاواوە لەگەڵ شاری شنگال ھاوسنوورە. ناحیەکە سەر بە قەزای تەلەعفەرە و پێشتر ژمارەی دانیشتووانی٥٠ هەزار کەس بوو، بەڵام دوای هێرشی داعش دانیشتووانەکەی روویان لە پارێزگای دهۆک کردبوو. دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زومماریان رزگار کرد، دەستیان بە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی داعش کرد. ناوچەکە لە رووی جوگرافییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی هەبوو و بە ناوچەیەکی ستراتیجی هەژمار دەکرا.

ھەواڵی زیاتر