کۆنفڕانسێک بۆ چارەسەرکردنی گرفتی شوێنە گەشتیارییەکان دەبەسترێت

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ڕایگەیاند، رۆژی ھەینی زیاتر لە ٢٨ ھەزار گەشتیار، کە زۆربەیان خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران کردووە. دەشڵێ، بەمەبەستی چارەسەر و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری کۆنفڕانسێکی گەورەی گەشتیاری دەبەسترێت و ئەو کێماسی و گرفتانەی ڕووبەڕووی ئەو کەرتە دەبنەوە چارەسەر دەکرێن.

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” دوای ھاتنی وەرزی گەرما، گەشتیارێکی زۆر بەتایبەتی خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و ناوچە جیاکانی کوردستان و دەرەوە روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکەن.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی:” رێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ئیدارەی سۆران رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە، تەنھا رۆژی ھەینی زیاتر لە ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارە سۆران، پلان ھەیە ژمارەی گەشتیاران زیاتر بکەین، ئەوەش بۆ ئابووری کوردستان و خەڵکی ناوچەکە باشە و وا دەکات خەڵکێکی زۆر کار بکات.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، زیاتر دەڵێ:” بە مەبەستی چارەسەرکردن و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران کە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ بەرپرسی ئیدارە پلانمان داناوە کۆنفڕانسێکی گەورەی گەشتیاری ئەنجام بدەین و لە کۆنفڕانسەکەدا پلان دادەنرێت کە سەرجەم ئەو کێماسی و گرفتانەی ڕووبەڕووی کەرتی گەشتیاری دەبنەوە وەک کێشەی کارەبا، ڕێگاوبان، پاککردنەوە و دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی شوێنە گەشتیارییەکان چارەسەر بکرێت، بۆیە بەپێی توانا بگرە زیاتریش ھاوکاری خاوەن شوێنە گەشتیارییەکانمان کردووە، لە داھاتووشدا بەردەوام دەبین”.

ھەواڵی زیاتر