دوو کۆمپانیای نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دادەمەزرێت 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت دوو کۆمپانیای ناوخۆیی تایبەت بە بواری نەوت دابمەزرێنێت، یەکێکیان ئەرکەکەی گەڕان بە دوای نەوتە، ئەوی دیکەشیان بۆ هەناردەکردن و بە بازاڕکردنیەتی. ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمان دەڵێت: دامەزراندنی ئەم دوو کۆمپانیایە داهاتێکی زیاتر بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “ئەگەر بتوانین ئەوە جێبەجێ بکەین، کۆمپانیای نیشتمانی تایبەت بە خۆمان هەبێت، نەوت بدۆزێتەوە و بە بازاڕی بکات، ئەو پارەی لەو بوارە خەرج دەکرێت بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە”.

گوتیشی: “ئەم هەوڵە زۆر ژیرانە و ستراتیژییە، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە، چونکە لەکاتی دۆزینەوەی نەوت تائێستا گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا شەراکەت بووە کە نیوەی داهات بۆ کۆمپانیا دەبێت”.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە ئێستا ئەم دوو ئەرکە لە بواری نەوتدا، بەشێکی لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وایکردووە %47ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکان بڕوات، ئەم رێژەیەش ئەنجامی پێداچوونەوەی کابینەی نۆیەمە بە گرێبەستە نەوتییەکان، چونکە پێشتر رێژەکە زیاتر بوو.

گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری نەوت دەڵێ: “ئەم هەنگاوە رێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بواری بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”.

روونیکردەوە: “بەگوێرەی پێشنیازی حکومەت، یەکێک لە کۆمپانیاکان بۆ پشکنین و دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بەناوی ( کڕۆک) ئەوەی دیکەشیان بۆ بە بازاڕکردنی نەوت بەناوی ( کۆمۆ) ئەم سیستمە لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەیە”.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، داوای کرد کۆمپانیای نەوتی کوردستان لە هەولێر دامەزرێت و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکرایەوە.

ھەواڵی زیاتر